فڕۆکەی جەنگیی تورکیا ناوچەیەک بۆردوومان دەکات کە 30 کم لە سەنتەری دهۆک دوورە

رووداو دیجیتاڵ
 
فڕۆکەی جەنگیی تورکیا چیای گوندی مەجلمەختێی لە سنووری ناحیەی مانگێشک بۆردوومان کرد کە 30 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری دهۆکەوە دوورە.
 
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، بۆ یەکەمجار ئەو ناوچەیە بۆردوومان کرا.
 
ئەیاد مەجلمەختی، دانیشتووی گوندی مانگێشک بە رووداوی گوت، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، چیای گوندەکەیان بۆردوومان کرا و ئاگر لە لە چیاکە کەوتەوە، بەڵام لەبەر سەختی ناوچەکە نەیانتوانیوە بیکوژێننەوە.
 
هەروەها باسی لەوە کرد، ئەوە یەکەمجارە فڕۆکەی جەنگی ناوچەکەیان بۆردوومان بکات.
 
جگە لە زیانی مادی، روون نییە بۆردوومانەکە زیانی گیانی هەبووبێت.
 
ئەو ناوچەیەی بۆردوومان کراوە، ئاوەدان و قەرەباڵخە. ئەیاد گوتی کە بە دووری دەزانن گەریلای پەکەکە لەو ناوچانەی ئەوان هەبن، بەڵکو چەقی شەڕەکان 50 بۆ 70 کیلۆمەتر لەوانەوە دوور بووە.
 
رۆژی 18ـی نیسانی 2024، لیوا زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی چنگ بەتایبەتی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ لە هاوینی ئەم ساڵ کۆتاییان پێدێت، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکان بە رەهەندێکی جیاواز لە دژی پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن.