سەرۆکی شارەوانیی سەنگەسەر دەستگیر دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی سەنگەسەر دەستگیرکرا و بە کەفالەت ئازاد کرا. گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەڵێت، "دۆسیەی سەرۆکی شارەوانیی سەنگەسەر لای ئێمە نییە."
 
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سەنگەسەر بە رووداوی گوت، "سەرۆکی شارەوانیی سەنگەسەر بەهۆی کێشەیەکی زەوی و زارەوە راگیرابوو، ماوەی راگیرانەکەی سێ رۆژ بوو، بەڵام ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازاد کرا."
 
سەرچاوەکە دەشڵێت، "دوو خاوەن نووسینگەی خانووبەرە بە مادەی 11ی زیادەڕۆیی دەستبەسەر کراون، لەبەرئەوەی مامەڵەیان بە زەویی شارەوانییەوە کردووە و فرۆشتوویانە. سەرۆکی شارەوانییش بە تۆمەتی (پشتگوێخستنی بابەتەکە) بانگکراوە و راگیراوە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئابی 2024 رائید رابەر حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە رووداوی گوت، "سەرۆکی شارەوانیی سەنگەسەر لای ئێمە دەستەبەسەر نەکراوە و دۆسیەکەی لای ئێمە نییە."
 
رووداو زانیویەتی، سەرۆکی شارەوانیی سەنگەسەر سێ رۆژ راگیراوە و دوو خاوەن نووسینگەکەش 18 رۆژ راگیراون و دواتر ئازادکراون. لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەش بەردەوامە.