لوفتهانزا راگرتنی گەشتەکانی بۆ هەولێر تاوەکو 26ـی ئاب درێژکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی مەترسیی پێکدادانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی لەگەڵ ئیسرائیل، کۆمپانیای لوفتهانزای ئەڵمانی بڕیاری دا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ هەولێر، تاران، بەیرووت، عەممان و تەلئەڤیڤ تاوەکو 26ـی ئاب درێژ بکاتەوە.
 
کۆمپانیاکە لە فرانکفۆرتی ئەڵمانیاوە رایگەیاند، تاوەکو ئەو کاتە، لەپێناو سەلامەتیی سەرنشینەکانی، فڕۆکەکانیان بۆ هیچ گەشتێکی دیکەش، ئاسمانی عێراق و ئێران بەکارناهێنن.
 
بڕیاری کۆمپانیاکە کە چەندین لقی لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا هەیە، لە کاتێکدایە کە مەترسیی فراوانبوونی جەنگی غەززە و گۆڕانی بۆ جەنگێکی هەرێمی هەیە.
 
لوفتهانزا ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو ئەوانەی بلیتی گەشتەکانیان بۆ ئێستا و تاوەکو 31ـی ئاب بڕیوە، دەتوانن بلیتەکە هەڵبوەشێننەوە و پارەکەیان وەربگرنەوە.
 
ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی بەڵێنیان داوە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، بۆئەوەی تۆڵەی کوشتنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسی فەلەستینی و فەرماندەیەکی سەربازیی باڵای حیزبوڵڵای لوبنانی بکەنەوە. 
 
راگرتنەکە گەشتی فڕۆکە نەفەرهەڵگر و بارهەڵگرەکانیش دەگرێتەوە. 
 
لوفتهانزا لە پاڵ کۆمپانیا سەرەکییەکە، چەندین کۆمپانیای دیکەش لەخۆدەگرێت، لەوانەش هێڵە ئاسمانییەکانی سویسرا، هێڵە ئاسمانییەکانی نەمسا، هێڵە ئاسمانییەکانی برۆکسل و یۆرۆوینگز.