رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دەرچووانى بەشە پزیشکییەکان لە بەغدا خۆپێشاندان دەکەن بەهۆى ئەوەى ناوى نیوەى ئەو دەرچووانە بۆ دامەزراندن نەهاتووەتەوە. خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و لە هەردوولا برینداری لێکەوتەوە.
خۆپێشاندانەکە لە بەردەم وەزارەتى دارایی عێراق کرا. بەهۆى پێکداهەڵپژانیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، ژمارەیەک لە خۆپێشاندەران بریندار بوون.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لە خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆی بەردەم وەزارەتی دارایی، 18 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە بریندارکراون و بەشێک لە برینداران ئەفسەرن.
سامان، هاونیشتمانییەکى کەرکووکە و یەکێک بوو لە بەشدارانى خۆپێشاندانەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوى گوت، "ئێمە دەرچووانى بەشە پزیشکییەکانى ساڵى 2023 ین، دوو مانگە زیاتر لە حەوت جار خۆپێشاندانمان کردووە."
دامەزراندنى دەرچووانى بەشە پزیشکییەکان بە گوێرەى یاساى بودجەى گشتییە، کێشەکەیان لەنێوان هەردوو وەزارەتى تەندروستى و دارایی عێراق دایە.
جیهاد سەلمان، یەکێکى دیکەیە لە خۆپێشاندەران کە خەڵکى زیقارە. بە رووداوى گوت، "وەزارەتى تەندروستى 29 هەزار ناوى بۆ وەزارەتى دارایی ناردووە بۆ ئەوەى دابمەزرێندرێن، بەڵام بەپێی یاسا دەبێت سەرجەم دەرچووان دابمەزرێندرێن."
57 هەزار و 464 دەرچووى بەشە پزیشکییەکان هەن کە تاوەکو ئێستا دانەمەزراون، لەو ژمارەیە ناوى 29 هەزار یان بەرزکراوەتەوە بۆ ئەوەى دابمەزرێندرێن.
د. ئەبوبەکر راوى، نەقیبی سەندیکاى پزیشکانى ددانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "بەو دامەزراندنانە هێشتا 30 هەزار کەسی دیکە دەمێنن، ئەگەر بەگوێرەى یاساى پلەبەندیی تەندروستیی ساڵى 2000 بێت، دەرچوویەکى بەشە پزیشکییەکان ماوەى سێ ساڵ لە کەرتى گشتى کارى نەکردبێت، رێگەى پێنادرێت لە کەرتى تایبەت کار بکات، ئەوە مافێکى یاساییە نەک داواکارییەک بۆ دامەزراندن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ