سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
سەربازێکی فەرەنسا لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە عێراق برینداربوو و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەیەک لە هەولێر، گیانی لەدەستدا.
درەنگی شەوی هەینی، 18-8-2023، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، سەربازێکی فەرەنسی لە کاتی ئەرکێکی مەشقکردندا لەگەڵ هێزەکانی عێراق تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە و گیانی لەدەستداوە. سەرۆکی فەرەنسا گوتی، "بە پەژارەیەکی قووڵەوە مردنی باپتایز کاوشۆتیان لە عێراق بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە پێ راگەیاندم".
وەزارەتی بەرگریی فەرەنساش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سەربازەکە ناوی باپتایز کاوشۆت بووە و بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە کۆنترۆڵ دەرچووە بە سەختی بریندار بووە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی فەرەنسادا باس لەوەشکراوە، هەر زوو سەربازەکە گەیێندراوەتە نەخۆشخانەیەکی هەولێر و دەستبەجێ نەشتەرگەری بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، گیانی لەدەستداوە.
ئەو وەزارەتەی فەرەنسا لە راگەیێنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ماکرۆن "پاڵپشتی خۆی بۆ خەڵک و بەرپرسانی عێراق دووپاتکردووەتەوە و دڵنیایی داوە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لەگەڵ هێزەکانی عێراق لە مەشقەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش."
فەرەنسا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و یەکێکە لەو وڵاتانەی لە شەڕی دژی گرووپە پەڕگیرەکەدا پشتیوانێکی دیاری هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و عێراق بووە.
ئەو وڵاتە ئەوروپییە بە هەزار سەرباز لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا بەشداربوو. لە ساڵی 2014ـەوە هەزار و 459 هێرشی ئاسمانیی لە عێراق و سووریا کردووە، دوو هەزار و 251 ئامانجی داعشی تێکشکاندووە.
فەرەنسا لەدوای تێکشکاندنی خەلافەتی داعشیش 60 ملیۆن یۆرۆی بۆ بنیاتنانەوەی ناوچە رزگارکراوەکان و سەقامگیرکردنیان تەرخانکردووە، لەوانەش 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ شاری موسڵ.
فەرەنسا هەروەها مەشق و راهێنانی بە 10 هەزار سەربازی عێراقی و پێشمەرگە کردووە. ئەوە جگە لەوەی 100 ملیۆن یۆرۆی بۆ سووریا تەرخانکردووە. 45 ملیۆن یۆرۆ لەوانەش بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بووە.
لە ئەیلوولی 2014دا فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی ئەو کاتی فەرەنسا سەردانی هەولێری کرد و ئابی 2021یش ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.