جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری: وەزیری بەرگری پێیگوتم ئەم مانگە لیوا هاوبەشەکان دەستبەکاردەبن

19-08-2023
نیشانەکردن لیوا هاوبەشەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، وەزیری بەرگریی عێراق پێی گوتووە ئەم مانگە لیوا هاوبەشەکان دەستبەکار دەبن.
 
سەگڤان یوسف سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (شەممە، 19-08-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەفتەیەک لەمەوبەر سەردانی سابت عەباس، وەزیری بەرگریی عێراقیان کردووە لەبارەی کۆمەڵێک بابەت، لەوانەش دەستبەکاربوونی لیوا هاوبەشەکان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی فیدراڵی.
 
لە وەڵامی وادەی دەستبەکاربوونی لیوا هاوبەشەکاندا، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق گوتی، "وەزیری بەرگریی عێراق گوتی (رێکارەکانی) بودجە تەواوبووە، لەم مانگەدا لیوا هاوبەشەکان دەستبەکار دەبن، بۆیە چاوەڕێی دەکەین بودجە لە وەزارەتی داراییەوە بگاتە وەزارەتی بەرگری."
 
بەپێی ئەو رێککەوتنەی مانگی ئابی ساڵی 2021 لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا کرا، هەردوو لیوا هاوبەشەکە لەو ناوچانە جێگیر دەبن، کە ناوچەی بۆشایی ئەمنین لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەتایبەت بۆ رێگری لەو هێرش و پەلامارانەی داعش لەو ناوچانە ناوەناوە دەیانکات. لیوایەکیان لە خانەقینەوە تاوەکو پردێ بڵاودەبنەوە، لیواکەی دیکەش لە سنووری پردێ بەدواوە تاوەکو دەگاتە سنووری نێوان عێراق و سووریا.
 
ژمارەی ئەندامانی دوو لیواکە نزیکەی حەوت هەزار و 500 کەس دەبن، هەر لیوایەک لە چوار فەوج پێکهاتووە کە نیوەی لە پێشمەرگە دەبێت و نیوەکەی دیکەیشی لە سوپای عێراق و سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەبن، لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقیشەوە پێداویستی و مووچەیان بۆ دابین دەکرێت.
 
نزیکەی 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، زۆرینەی دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دروستبوون و بە هۆکاری سەرەکیی هێرشە ناوبەناوەکانی چەکدارانی داعش دادەنرێن بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق. 
 
هێزە هاوبەشەکە لە لیوای 20ـی پێشمەرگە و لیوای 66ـی سوپای عێراق پێکدێن، سەرپەرشتیاری یەکێک لە لیواکان کورد دەبێت و جێگرەکەی لە نەتەوەی عەرەب دەبێت، ئەوی دیکەشيان فەرماندەکەی عەرەب دەبێت و جێگرەکەی لە نەتەوەی کورد دەبێت.
 
یەحیا رەسوول، گوتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە رۆژی 5-3-2023 گوتی "پێکهێنانی هەردوو لیواکە تەواو بووە، هەموو رێکارە کارگێڕییەکانی تەواو و ئامادەن. ئێمە تەنیا چاوەڕێی پەسندکردنی بودجە دەکەین. ئەمە بۆچی؟ چونکە هەردوو لیواکە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری زیاد دەکرێن. مووچە و دەرماڵە و چەک و هەموو پێداویستییەکیان لەلایەن وەزارەتی بەرگری دابین دەکرێت. ئێمە تەنیا لەسەر دابینکردنی پارە وەستاوین، پێموایە زۆری نەماوە، هەر کە پەرلەمانی بەڕێز رەزامەندی بدات و بودجە پەسند بکات، ئەوا پرۆسەکە دەستپێدەکات." 

 

 

  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.