شاخەوان عەبدوڵڵا: سوودانی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نەرمی بەرامبەر تورکیا دەنوێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشنیازی کردووە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نەرمی بەرامبەر ئەو بڕە پارەیە بنوێنن کە دادگەی پاریس بۆ قەرەبووکردنەوەی عێراق دەستنیشانی کردووە و دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا دەسەڵات درایە سوودانی ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکرێتەوە.
 
رۆژی شەممە، 19ـی ئابی 2023 شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد و رایگەیاند، "ئەو بڕە پارەیەی دادگەی پاریس دیاریکردووە بۆ ئەوەی تورکیا وەکو قەرەبوو بیداتەوە عێراق، کێشەیەکی لەنێو کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دروستکرد و سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر بمانەوێت بە لۆژیکی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بکەین، دەبێت نەرمی بنوێنین". 
 
شاخەوان عەبدوڵا دەڵێت، "سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەکرد کە لە 25-03-2023ـەوە هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا وەستاوە. ئەو بڕە پارەیەی ئێمە داوامان دەکرد تورکیا وەکو قەرەبوو بمانداتەوە، ئێستا دوو ئەوەندەی ئەو پارەیە زیانمان کردووە لە وەستانی نەوتەکە؛ بۆیە دەبێ نەرمییەک لەسەر ئەو بابەتە بنوێنین و بە شێوازێک لەگەڵ تورکیا رێکبکەوین".
 
بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، "لە کۆبوونەوەکەدا دەسەڵات بە سەرۆکوەزیرانی عێراق درا رێگەچارەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە".
 
رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک دوای بڕیارێکی دوو رۆژ پێشی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا.
 
دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لەدژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا. ئەو پارەیەی دەبێت تورکیا وەک قەرەبوو بیداتە عێراق ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلارە.