بەیتۆ جان خاوەن پێداویستییەکی تایبەت دەهێنێتە نێو دونیای هونەر

رووداو دیجیتاڵ 

گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لە شاری هەولێر، سەرەڕای بوونی رێگری لە ماڵەوە تاوەکو نێو بەشێکی کۆمەڵگە، بەڵام ئەو توانیویەتی حەز و خولیای لە بواری هونەری بێنێتە دی.
 
بڕوا سەربەست تەمەن 21 ساڵ دانیشتووی شاری هەولێرە، چەندین ئامێری میوزیکی دەژەنێت (ساز، عود و پیانۆ) و گۆرانی دەڵێت، ئەو کار بۆ ئەوە دەکات لەڕێگەی هونەرەکەیەوە بژێوی ژیانی بەدەستبێنێت.
 
ئەو گەنجە لە 10 ساڵییەوە حەز و خولیای بۆ هونەر هەبووە، لە 12 ساڵیدا لە دوای ئەوەی سەردانی چەند ناسیاوێکی لە قەزای ئاکرێ دەکات، حەز و خولیای بۆ هونەر زیاتر دەبێت و سەرەڕای ئەوەی دەستێکی شێواوی زگماکی هەیە، بڕیاردەدات ببێتە ژەنیار.

 

 
دەنگ و میوزیکی گۆرانییەکانی بەیتۆ جان هونەرمەندی باکووری کوردستان، ئەو پەلکێشی نێو دونیای میوزیک دەکات و بە هونەرەکەی سەرسام دەبێت، بۆیە زۆرجار گۆرانییەکانی دەڵێتەوە.
 
ئەو شەوانە شەش کاژێر لە دەرەوە بە دزی ماڵەوە، راهێنانی لەسەر ژەنینی ئامێری ساز کردووە، چونکە لە ماڵەوەدا رێگەی پێنەدراوە ئەو کارە بکات.
 
هونەر بۆ ئەو گەنجە خاوەن پێداویستییە تایبەتە لە حەز و خولیاوە، ئێستا بووەتە بەشێک لە سەرچاوەی داهاتی و لایڤ میوزیک لە ئیڤێنت، کافتریا و رێستۆرانتەکان دەکات، زۆرجار داوای لێدەکرێت گۆرانییەکانی هونەرمەندانی باکووریان بۆ بڵێت، بەتایبەتیش بەیتۆ جان.

 

 
بڕوا سەربەست کە هەر خۆی فێری ژەنینی ئامێرە میوزیکییەکان کردووە، ئێستا خەڵک سەردانی دەکەن و فێری ژەنینی ئامێرە میوزیکییەکانیان دەکات، لە پاڵ کارە هونەرییەکەی، وەک پاسەوان لە یەکێک لە کۆمپانیاکان کاردەکات.

 

 
لە یەکەم دەرکەوتنی لەسەر تەختی شانۆ لە هۆڵی میدیا لە هەولێر لە 2019، دایک و باوک و برای بانگهیشتی کۆنسێرتەکە کردووە، لەوکاتەوە بیر و بۆچوونی ماڵباتەکەم بەرامبەر من گۆڕاو و ئێستا پاڵپشتیم دەکەن.