ئاگری دارستانەکانی شەمزینان کۆنترۆڵ نەکراوە

رووداو دیجیتاڵ 

چەند رۆژێکە دارستانەکانی سنووری شارۆچکەی شەمزینان سەربە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان دەسووتێن و ئاگرەکە هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوە. 
 
رێکخراوە مەدەنییەکانی جۆلەمێرگ بانگەوازی لە کاربەدەستانی حکومەت دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەرپرسیاریێتی لە ئەستۆ بگرن. 
 
لقی جۆلەمێرگی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، یەکێتیی ژوورەکانی کاسبکاران و پیشەوەرانی جۆلەمێرگ، ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەندازیاران و تەلارسازانی تورکیا، پلاتفۆرمی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی رەنجدەرانی کەرتی گشتیی، کۆمەڵەی یاساناسانی ئازادیخواز و کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ لە رێگەی بڵاوکردنەوەی راگەیێنراوێكی هاوبەش داوایان لە حکومەت و بەرپرسە کارگێڕییەکانی ناوچەکە کرد بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بێنە سەر خەت. 
 
لە شەوی سێشەممە 17ی ئابی 2021 ئاگر لە دارستانەکانی چیای گۆمانێ کە لە سنووری گوندی نێرکۆلای سەربە شارۆچکەی شەمزینان هەڵکەوتووە ئاگر کەوتووەتەوە. ئاگرەکە تا دێت تەشەنە دەکات و لە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل نزیکبووەتەوە.