رووداو - هەولێر
ئەمینداری گشتیی یەكێتیی زانایانی جیهانی موسڵمان رایدەگەیێنێ، هەركەسێك نیەتی حەج و عومرەی هەبوو، بەڵام بەهۆی بارودۆخی وڵاتەکەیەوە بۆی نەكرا، ئەگەر هێندەی تێچووەكەیان خێر و سەدەقە بکات، بە پشتیوانی خودا پاداشتی حەج یان عومرەكەی بۆ دەنووسرێت.
د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەكێتیی زانایانی جیهانی موسڵمان لەبارەی: ئەو كەسانەی ئەمساڵ بەنیازبوون حەج یان عومرە بکەن، بەڵام بەهۆی بارودۆخی تایبەتی وڵاتەکانیان بۆیان نەكراوە، روونكردنەوەیەكی بڵاوکردووەتەوە.
عەلی قەرەداغی چەند خاڵێكی خستوونەتەڕوو و روونیکردووەتەوە، ئەو كەسەی دەیەوێت حەج یان عومرە بكات، بەڵام بەهۆی بارودۆخی تایبەتی وڵاتەکەیەوە نەتوانێت، لەسەر نیەتەكەی پاداشت دەدرێتەوە، بۆ ئەمەش پشتی بە فەرموودەیەكی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد (د.خ) بەستووە کە دەفەرموێت: هەركەسێك نیەتی كردنی چاكەیەكی هەبێت و بۆی نەكرێت ئەنجامی بدات، ئەوا لای خودا پاداشتی تەواو وەردەگرێت.
قەرەداغی جەختی لەوەش کردووەتەوە ئەگەر ئەو كەسە پێشتر هیچ حەجێكی نەكردبێت، ئەوا واجبەكەی لەسەر لاناچێ و دەبێت هەر كاتێك بۆی كرا ئەنجامی بدات.
هەر لە روونكرنەوەكەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، باشتروایە ئەگەر کەسەکە حەج یان عومرەکەی نەكرد، بە رێژەی خەرجی تێچووی حەج و عومرەكە خێر و چاكە بكات، بەتایبەتیش بۆ هەژارانی فەڵەستین، سووریا، یەمەن، عێراق، كوردستان و روهینجا و پشت بەخوا پاداشتەکی بۆ دەنووسرێت.
هەر پەیوەست بەم بابەتە قەرەداغی نموونەیەکی هێناوەتەوە: لە ئیمام مالیكیان پرسی حەج و سەدەقە كامیان خێری زۆرترە؟ ئەویش فەرمووی: حەجكردن، ئەگەر ساڵی برسێتی نەبوو.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ