حیزبی ئیسلامی عێراق بەرگری لە پێشمەرگە دەكات

رووداو- هەولێر

سەركردەیەكی حیزبی ئیسلامی عێراق بەرامبەر تۆمەتەكانی نووری مالیكی بەرگری لە هێزی پێشمەرگە دەكات و دەڵێت مالیكی تۆمەت دەبەخشێتەوە. جەختیشدەكاتەوە كە حكومەتی عێراق جددی نییە لە كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ.

یونس تائی، ئەندامی سەركردایەتی حیزبی ئیسلامی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " كەوتنی موسڵ بە پلەی یەكەم رووداوێكی سەربازییە، بەڵام راپۆرتی لیكۆڵینەوە لە كەوتنی موسڵ بەهیچ شێوەیەك ئاماژەی بە كەسایەتییە سەرەكییەكان نەكردووە كە رۆڵیان لە كەوتنی ئەو شارە هەبووە، بەڵكو راپۆرتەكە زیاتر پارێزگار و جێگرەكەی و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای بەئامانج گرتووە".

تائی هەروەها رایگەیاند " دەبوو لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بە رۆڵی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و بەرپرسانی سەربازی عێراق بكرێت كە هیچ بەرگری و شەڕێكیان نەكرد و لە بەرامبەر داعش پاشەكشەیان كرد".

سەبارەت بە تۆمەتباركردنی بەرپرسانی هەولێر و ئەنقەرە لە لایەن نووری مالیكی، جێگری سەرۆككۆماری لەكارلادراوی عێراق، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی حیزبی ئیسلامی دەڵێ‌ " ئەم هەوڵەی مالیكی لەچوارچێوەی دابەشكردنی تۆمەت بەسەر لایەنەكان دێت، پرسیارێكی واقیعی هەیە ئایا كاتێك داعش هاتە موسڵ هیچ هێزێكی توركی و پێشمەرگە لەم شارە هەبوون؟".

یونس تائی هەروەها دەڵێت " ئەوەی ئێمە دەیبینین تەنها پێشمەرگەیە رووبەڕووی داعش دەبێتەوە، پێشمەرگەش چەك و جبەخانەی رادەستی داعش نەكردووە، بۆیە مالیكی لە حاڵەتی تۆمەتباریدایە بۆیە تۆمەتەكان دابەشدەكات".

رۆژی 6ی حوزەیرانی 2014، چەكدارانی داعش هێرشیان بۆ سەر شاری موسڵ دەستپێكرد و رۆژی 10ی مانگ موسڵیان بە تەواوی كۆنترۆڵ كرد. سەربازانی سوپای عێراق بەبێ بەرگریكردن لە شارەكە هەڵاتن و زۆربەی چەك و تەقەمەنی و ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانیان كەوتنە دەست چەكدارانی داعش.

بۆ لێكۆڵینەوە لە كەوتنی موسڵ، پەرلەمانی عێراق لە 1/12/2014 لیژنەیەكی بە ئەندامیەتی 26 پەرلەمانتار پێكهێنا. دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەگەل زیاتر لە 100 كەسایەتی سیاسی و سەربازی عێراقی، رۆژی یەكشەممە 16-8-2015 لیژنەكە راپۆرتەكەیان خستە دەنگدانەوە كە لەكۆی 26 ئەندامی لیژنەكە 17 ئەندامیان بەبەڵێ دەنگیان بۆ دابوو، راپۆرتەكەش رادەستی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كرا.