بەهۆی وەرگەڕانی پاسێک لە ئامێدی 10 گەشتیار بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ
پاسێکی گەشتیاران لە هاوینەهەواری گەلیی شێرانەی سنووری قەزای ئامێدی وەرگەڕا و بەهۆیەوە 10 گەشتیار بریندار بوون.
حەمید ساڵح، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دەروبەری کاژێر 10:30ـی بەیانیی ئەمڕۆ، پاسێکی گەشتیاری لە هاوینەهەواری گەلیی شێرانە، کە یەکێکە لە دیارترین شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆک، وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە 10 کەس بریندار بوونە کە برینەکەیان سووکە.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی گوتیشی کە گەشتیارەکان خەڵکی موسڵن.
لەبارەی دۆخی بریندارەکانیش، حەمید ساڵح گوتی کە لە هەردوو بنکەی ئامێدی و دێرەلۆک چارەسەریی پێویستیان وەرگرتووە.
تەندروستیی ئامێدی دەڵێت، دوو لە برینداران بە شووشەی شکاوی جامی پاسەکە بریندار بوونە و لەوانەیە پێویست بکات رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک بکرێن.