فڕۆکەخانەکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووک: کێشەی تەکنیکیمان نییە


رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی بەهۆی داڕمانی سیستمی تەکنیکی جیهانەوە کێشە بۆ بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی جیهان دروستبوو، بەرپرسانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووک دەڵێن، هیچ کێشەیەک بۆ ئەوان دروست نەبووە.

هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کێشەکە بەشێکی فڕۆکەخانەکانی جیهانی گرتووەتەوە، بەڵام لای ئێمەوە تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەک بۆ گەشتەکانمان دروست نەبووە و بەگوێرەی پلان بەڕێوەدەچێت."

هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گەشتەکانیان بەگوێرەی پلان بەڕێوەدەچێت و هیچ کێشەیەکی تەکنیکییان نییە.

کێشە تەکنیکییەکە زیاتر وڵاتانی ئەمریکا، ئوسترالیا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپای گرتووەتەوە و زۆربەی گەشتەکانی فڕۆکەخانە و شەمەندەفەر و کەشتی وەستاون. 

هەروەها سیستمی پەیوەندیکردن بە گشتی لەو شوێنانەی کە ئامێرەکانی مایکرۆسۆفت بەکاردەهێنن کێشەیان تێکەوتووە. 
 

زیاتر لە لایڤ بلۆگی رووداو لەسەر کێشەکە بخوێنەوە