یەکەمەکانی پۆلی 12 چیرۆکی سەرکەوتنیان بۆ رووداو باسدەکەن

9 خولەک له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەینی 19-07-2024 وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی 12ـی ئامادەیی ساڵی خوێندنی 2023-2024ی راگەیاند. 8 قوتابی یەکەم بوون، 16 قوتابی دووەم و 19 قوتابییش سێیەم.
 
بەشێک لەوانە چیرۆکی سەرکەوتنی خۆیان و گەشتی خوێندنیان بۆ رووداو گێڕایەوە.
 
'زیاتر سەرنجم لەسەر نمرەی بەرز بوو، نەوەک ئەو بەشەی پلانم هەیە لێی بخوێنم'
 
دیما هیوا و خێزانەکەی لە شاشەی رووداوەوە سەیری راگەیاندنی ناوی یەکەمەکانیان دەکرد و باوکی بە گریانەوە ماچی کچەکەی کرد و پیرۆزبایی یەکەمبوونی لێکرد. دیما نیشتەجێی سلێمانییە و یەکێکە لەو سێ قوتابییەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە بەشی زانستی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
 
 
لەبارەی شێوازی خوێندنی، دیما بە رووداوی گوت، "لەکاتی پشووی خوێندندا کاتەکەم زۆر رێکخراوتر بوو و زۆربەی کاتەکەم بۆ خوێندن تەرخان کردبوو."
 
لەبارەی ئەو بەشەی بەنیازە لێی بخوێنێت، دیما گوتی، لەماوەی خوێندنیدا هەمیشە سەرنجی لەسەر ئەوە بووە نمرەی بەرز بەدەستبهێنێت، نەوەک ئەوەی لە زانکۆدا چ بەشێک هەڵدەبژێرێت؛ گوتیشی، "بیرم دەکردەوە ئەگەر نمرەی بەرز بەدەستبێنم، دەتوانم بچمە هەر بەشێک کە دەمەوێت. ئێستاش کە ئەو نمرەیەم بەدەستهێناوە، بێگومان حەزم لە بەرزترین بەشە."
 
 
'خۆم دەمزانی یەکەم دەبم'
 
ئاران لوقمان حەمەغەریب، یەکەمی بەشی زانستی لە شاری سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان گوتی، "خۆم دەمزانی یەکەم دەبم، چونکە زیرەکم و پێم دەکرێت."
 
لەبارەی شێوازی خوێندن و خۆئامادەکردنی بۆ تاقیکردنەوەکان، ئاران بە رووداوی گوت، "رۆژانە لەماوەی ئاسایی دەوامی قوتابخانەدا 4 بۆ 5 کاژێر دەمخوێند. لەکاتی پشووی خۆئامادەکردنیش، 8 بۆ 9 کاژێر بە بەردەوامی دەمخوێند."
 
 
هەرچی لەبارەی کاتی خوێندنییەتی، یەکەمەکەی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان گوتی، بەیانیان خوێندوویەتی، شەوان کاژێر 10 یان 11 خەوتووە و بەیانیان لە کاژێر 7 یان 8 هەستاوە.
 
ئاران هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە خولی بەهێزکردنی بینیوە و مامۆستای تایبەتیشی بۆ هەموو وانەکان هەبووە.
 
'بایکۆتم نەکردە بیانوو'
 
نیگا ئارام دارا لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری سلێمانی پلەی دووەمی بەشی زانستی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەدەستهێنا. نیگا باسی خوێندنی ئەم ساڵی بۆ رووداو کرد و گوتی، "بایکۆت کاریگەری لەسەر باری دەروونیمان هەبوو، بەڵام ئەوەم نەکردە بیانوو بۆ ئەوەی کەمتەرخەمی بکەم."
 
نیگا باسی ئەوەی کرد کە هیچ مامۆستایەکی تایبەتی نەبووە و لە تەواوی ساڵەکەدا پشتی بەخۆی بەستووە و هەوڵی داوە سوود لە زانستی مامۆستاکانی قوتابخانەکەی خۆی وەربگرێت.
 
 
لەبارەی هەڵبژاردنی بەشی زانکۆی، کچە دووەمەکەی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت، "هێشتا بیرم لە بەشی داهاتووم نەکردووەتەوە و بڕیارێکی دیاریکراوم نەداوە، بەڵام لە ئەمڕۆوە بیری لێدەکەمەوە."
 
نیگا لە ئەزموونی خۆیەوە رووی دەمی لە قوتابییان کرد و گوتی، "داوایان لێدەکەم سەرنج بخەنە سەر بابەتەکانی خۆیان، واز لە لەبەرکردنی رووکەشانەی بابەتەکان بهێنن، بەڵکو سەرنج بخەنە سەر پێداچوونەوە و تێگەیشتن لە کرۆکی بابەتەکان."
 
'کاژێرێک دەمخوێند و چەند خولەکێک پشووم وەردەگرت'
 
عومەر عەبدولڕەحمان عومەر، قوتابییەکی دیکەی بەشی زانستییە کە پلەی دووەمی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە و نیشتەجێی هەولێرە. عومەر لە باسی چیرۆکی خوێندنی خۆی بۆ رووداو گوتی، "لەکاتی دەوامی ئاسایی قوتابخانەدا 5 بۆ 6 کاژێر دەمخوێند. لەکاتی پشووی خوێندنیش رۆژانە زیاتر لە 9 کاژێر دەمخوێند. کاتەکانیشم بەشێوەیەک دابەشکردبوون کە کاژێرێک دەمخوێند و چەند خولەکێک پشووم دەدا."
 
لەبارەی بەکارهێنانی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دووەمەکەی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان گوتی، "خۆم پێشتر کەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بەکاردەهێنا، کاتێکیش بوومە پۆلی 12 کەمترم کردەوە."
 
 
عومەر ئاماژەی بەوەشدا کە مامۆستای تایبەتی نەبووە و گوتی، "دەتوانی هەوڵی خۆت بدەیت و لەگەڵ مامۆستاکانی قوتابخانە بیت و ئەو کاتە دەگەیتە ئامانج."
 
لە وەڵامی پرسیاری رووداودا کە ئایا دەچێتە بەشی پزیشکیی گشتی، عومەر گوتی، "100٪ نازانم دەچمە چ بەشێک؛ بەڵام دوو بەشم لە مێشکە؛ پزیشکیی گشتی و ئەندازیاریی تەلارسازی."
 
'دوو بۆ سێ کاژێر دەمخوێند'
 
زاگرۆس ئیسماعیل عەبدوڵڵای خەڵکی گەرمیان پلەی دووەمی لە بەشی زانستی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە.
 
ئەو قوتابییە بە رووداوی گوت، "لە هاوین و کاتەکانی دەوامیشدا رۆژانە 2 بۆ 3 کاژێر دمخوێند؛ بەڵام ئەگەر تاقیکردنەوەم هەبووایە، 4 بۆ 5 کاژێر دەمخوێند."
 
 
لەبارەی ئەو ماوەیەی بە قوتابییان درابوو لە ماڵەوە بخوێنن، زاگرۆس گوتی، "لە 50 رۆژی یەکەمدا 6 بۆ 7 کاژێر دەمخوێند، دواتریش تاوەکو کۆتایی هاتنی تاقیکردنەوەکان، 8 بۆ 10 کاژێر دەمخوێند."
 
زاگرۆس بەرووداوی گوت کە هیچ مامۆستایەکی تایبەتی نەبووە و تەنیا خولی بەهێزکردنی هاوینەی بینیوە.
 
زاگرۆس رێنمایی قوتابییانی کرد و گوتی، "خوێندن بە بڕ نییە، بەڵکو بە کوالێتییە. قوتابی هەیە 15 کاژێر دەخوێنێت بێ ئەوەی ئەنجامێکی باشی هەبێت؛ هۆکاری ئەمەش هەڵەی شێوازی خوێندنە."
 
'بەشی ئەوەندە خوێندم بتوانم لە وانەکان تێبگەم'
 
ئارا حەمەدەمین ئەحمەد لە بەشی زانستی توانی پلەی دووەمی سەر هەرێمی کوردستان بهێنێت و نیشتەجێی شاری رانیەیە. ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت، "لە هاوینی پارەوە سێ خولی بەهێزکردنم بینی، تەنیا ئەوەندە دەمخوێند کە بتوانم لە وانەکان تێبگەم، خشتەیەکی دیاریکراوی خوێندنی رۆژانەم نەبوو. لە کاتی پشووی خوێندندا تاوەکو تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان زۆر خۆم ماندوو کرد."
 
 
ئارا وەک رێنماییەک بۆ قوتابییەکانی دیکە لە رێگەی رووداوەوە گوتی، "پۆلی 12 لە هەموو پۆلەکانی دیکە جیاوازترە. دواتان لێدەکەم هەموو ئەو شتانەی کە زیادەن و لاوەکین، لایانبەن و سەرنجتان بخەنە سەر خوێندنەکەتان". 
 
'جگە لە نان خواردن، هەموو کاتم بۆ خوێندن بوو'
 
کەڤی فازڵ حەسەن لە شاری دهۆک پلەی سێیەمی لە بەشی زانستی بەدەستهێناوە.
 
کەڤی لەبارەی پرۆگرامی خوێندنی رۆژانەی بە رووداوی گوت، "جگە لە کاتی نان خواردن، هەموو کاتی من بۆ خوێندن بوو، جگە لەوە هیچی دیکەم نەدەکرد."
 
 
کەڤی ئاماژەی بەوەشدا کە لە قۆناخی زانکۆ دەیەوێت بچێتە بەشی پزیشکیی گشتی و گوتی: "دەمەوێت خزمەت بکەم."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی ئەو دوو کەسەی لە رووداوە هاتووچۆکە گیانیان لەدەستداوە

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەنێوان کۆیە و دووکان دوو کەس گیانیان لەدەستدا

گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە رووداوی راگەیاند، رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان دووکان و کۆیە روویداوە، لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەش بریندار بوون