راپرسییەک لە تورکیا: ئەردۆغان دڵخوازترین سیاسەتڤانە و دووەم تا چوارەم لە جەهەپەن

19-07-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ توێژینەوە و راپرسی ناسراو بە ئۆ ئاڕ سی ORC ئەنجامی دوایین راپرسی لەبارەی سیاسەتڤانە دڵخوازەکان لەلایەن گەنجانی تورکیاوە بڵاوکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام دووەم تاوەکو چوارەم کەسایەتیی دڵخوازی تورکیا ئەندامی پارتی جەهەپەن.  
 
ناوەندەکە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، لە رۆژانی 12 بۆ 17ـی تەممووزی 2024 بەشێوەی رووبەڕوو بۆچوونی دوو هەزار و 750 کەسی لە 12 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بۆ زانینی دڵخوازترین سیاسەتڤانی تورکیا وەرگرتووە. 
 
ناوەندەکە پرسیاری کردووە: سیاسەتڤانە دڵخوازەکانتان کێن؟
 
ئەنجامی راپرسییەکە دەریدەخات، 27.9٪ی بەشداربووان گوتوویانە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی خۆشەویستترین سیاسەتڤانە لایان.
 
لە پلەی دووەم ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دێت کە 25.1٪ی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە بە سیاسەتمەداری دڵخوازیان هەڵیان بژاردووە. لە پلەی سێیەمیش بە رێژەی 19.5٪ی دەنگەکان ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە دێت.
 
کەسایەتییەکی دیکەی پارتی جەهەپە لە پلەی چوارەم دێت کە ئەویش مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرەیە بە رێژەی 17٪ و لە پلەی پێنجەمیش ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر کە بە دژایەتیکردنی پەنابەران ناسراوە، بە رێژەی 14.5٪ لە ریزبەندییەکەدا هاتووە. 
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە رێژەی 14.1٪ لە پلەی شەشەم، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە بە رێژەی 13.2٪ لە ریزبەندی حەوتەم، فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە رێژەی 10.7٪ لە ریزبەندی هەشتەم، سلێمان سۆیڵو، وەزیری پێشووی ناوخۆ بە رێژەی 9.4٪ لە ریزبەندی نۆیەم و مستەفا ساریگوڵ، پەرلەمانتاری بازنەی ئەرزینگانی جەهەپە بە رێژەی 8.2٪ لە ریزبەندی دەیەم دڵخوازترین سیاسەتڤانانی تورکیا دێن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە