گەڕەکێکی ناحیەی رزگاری بە دار هێڵی کارەبایان بۆ راکێشراوە و داوای گۆڕینی دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

گەڕەکی راپەڕین لە ناحیەی رزگاری لە گەرمیان، داریان کردووە بە ستوونی کارەبا بە گوتەی دانیشتووانەکەی، مەترسی لەسەر ژیانیان دروستکردووە. بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، ئەم ساڵ کێشەکەیان بۆ چارەسەر دەکەن.
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵکی ئەو گەڕەکە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وینەکاندا دەڵێن، دارەکان بەشێکیان رزیون و لە هەندێک شوێن وایەرەکان شۆڕبوونەتەوە و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی گەڕەکەکە دروستکردووە.
 
جەمال ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری لە گەرمیان رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناحیەکەمان بەردەوام لە گەشەکردندایە، ئەو گەڕەکە نوێیانە ئاو، کارەبا و ئاوەڕۆیان بۆ دابینکراوە، بەڵام هەندێک ماڵ لە گەڕەکی راپەڕین کارەباکەیان بە دار بۆ راکێشراوە، ئەویش ئەم ساڵ چارەسەر دەکرێت و 780 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە".
 
بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری گوتیشی: "هەندێک کەس دەیانەوێت بابەتە بۆ مەزایەدەی هەڵبژاردن بەکاربهێنن و گەورەی بکەن، ئەگەرنا هیچ مەترسییەکی دروست نەکردووە و هیچ رووداوێکی نەخوازراویش رووینەداوە".
 
ناحیەی رزگاری ساڵی 1987 وەکو کۆمەڵگەیەکی زۆرەملێ دروستکرا، دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی جینۆساید، ئەنفال و راگواستن لە سنووری گەرمیان، بەشێکی خەڵکی گوندەکان بە زۆر برانە ناحیەکە، کە ئەوکات ناوی کۆمەڵگەی سموود بوو.