هێشتا راکان جبووری پارێزگاری کەرکووکە

رووداو دیجیتاڵ 

هەفتەیەک زیاترە راکان جبووری سوێندی یاسایی خواردووە و بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەڵام هێشتا دەستبەرداری پۆستە ئیدارەییەکە نەبووە و پارێزگاری کاربەڕێکەری کەرکووکە. 
 
عەلی حەمادی کە یاریدەدەری پارێزگار بوو، سەرپشککرابوو کارە ئیدارییەکانی کەرکووک رایی بکات، بەڵام بەغدا فەرمانی سەرپشککردنی لێوەرگرتەوە و جارێکی دیکە دەسەڵاتی بە راکان جبووری دایەوە.
 
عەلی حەمادی دەڵێت: "لە ئەگەری غیابی پارێزگار، من کاروباری کارگێڕی، دارایی و واژۆ کردن بەڕێوەدەبم، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە بەڕێز راکان کاروبارەکانی پارێزگا بەڕێوەدەبات و تا ئێستا دەرچەیەکی یاسایی نەدۆزراوەتەوە چارەسەری ئەوە بکات، کە کێ کاروباری کارگێڕی بەڕێوەببات."
 
1ی ئەم مانگە راکان جبووری خانەنشین کرا، کەچی هێشتا سەرۆکی بەتەمەنی ئەنجوومەن و پارێزگاری کاربەڕێکەری کەرکووکە. 
 
ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا دەوام دەکەن و توانای بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی خۆیان هەیە، بەڵام بۆ لادانی راکان سەعید، لە ئاڕاستەکردنی نوسراوێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زیاتر، هیچ هەنگاوێکی دیکەیان پێ نەنراوە. 
 
رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: "یاداشتی خۆمان بەرزکردەوە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و تێیدا باسی ئەوەمان کردووە کە ناکرێت کەسێک لە یەک کاتدا دوو کاری هەبێت، ئەمە لە هیچ شوێنێکی دونیا نەبووە و چاوەڕی وەڵامی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی کۆتایی بە کاری پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت بهێنێت و نەهێڵێت کاری رۆژانەش بکات." 
 
راکان سەعید جبووری حەوت ساڵە بە وەکالەت ریزبەندیی 53ـەمین پارێزگاری کەرکووکی گرتووە و ئێستاش لەو پۆستە وەکو پارێزگاری کاربەڕێکەر ماوەتەوە و بەربژێری سێ هاوپەیمانێتییە عەرەبیەکەی کەرکووکە بۆ ئەوەی دوو ساڵی دیکە ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی مادەی 14 لە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان نابێت کەسێک لەیەک کاتدا دوو پۆستی ئیداری و چاودێری بەڕێوەببات.