دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی چەمچەماڵ گلەیی لە نەبوونی خزمەتگوزاری دەکەن

20-07-2023
پێشەوا بەختیار
گەڕەکێکی چەمچەماڵ. وێنە: رووداو
گەڕەکێکی چەمچەماڵ. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - چەمچەماڵ

گەڕەکی ئاسوودەی چەمچەماڵ زۆرینەی دانیشتووانەکەی رزگاربووی ئەنفال یان کەسوکاری ئەنفالن، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دانیشتووانەکەی داد و بێدادیانە، لە هەر کەسێکیان دەپرسیت دەڵێت، ژیان لەم بێ خزمەتگوزارییە سەختە.
 
بابا محەممەد، شانۆکار دەڵێت، "ئەمە گوندی چەرمووی 2000 ساڵ دوای زایینە و هیچ خزمەتگوزارییەک یان شتێکی نییە، وەکو گوندێکی کەنار شار وایە. بە زستان هەر ناتوانین هیچ بکەین."
 
پەخشان رەشید، ژنی ماڵەوە داوا دەکات خزمەتگوزاری بکرێت، "کارەبایەکی باش، شۆستە، قیرتا و ئاومان بۆ راکێشن."
 
لە گەڕەکێکی دیکە چەمچەماڵ، بە هەمان شێوە دانیشتووانەکەی کەمیی خزمەتگوزاری هەراسانی کردوون، چونکە تاوەکو ئێستا نە قیرتاو و نە تۆڕی ئاوی نیشتمانییان نییە، منداڵەکانیشیان دەبێت ریگەی دوور بۆ گەیشتن بە قوتابخانە ببڕن.
 
کەنار میرخان، ژنی ماڵەوە گوتی، "ئەم گەڕەکە ناوی سێ هەزارییەکانە و هیچ خزمەتگوزارییەکی نییە، دۆخمان خراپە، زستان قوڕ و هاوین تەپوتۆزە."
 
بەکر حەمەحوسێن، چالاکوان و دانیشتووی گەڕەکەکە باسی لەوە کرد، "ئاوەکەمان سوێرە، فەحسم کردووە و دەرکەوتووە، رێژەی سوێرییەکەی 300ـە، کە خۆی دەبێت 50 بێت. دوو قوتابخانەمان هەیە سێ دەوامییە، رێژەی سەوزایی سفرە کە ئەوانەی قوربانیی دوای جەنگن پێویستە سەوزاییان هەبێت، کەچی نیمانە و خەڵک خۆی بە تەجاوزی کردوویەتی."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری شارەوانیی چەمچەماڵ، ئەو شارە بەهۆی قەیرانی داراییەوە سێ پڕۆژەی بە بەهای 22 ملیۆن دۆلار وەستاون، کێشەی بەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان نەبوونی نەختینەیە لە بانکەکاندا.
 
ئارام نەجات، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ گوتی، "ئەو پارەی وەریدەگرین وەکو باج و داهاتی خۆمانە، کە دەیبەینەوە بانک و دواتر داوای دەکەینەوە کە بماندەنەوە با بۆ پڕۆژەیەک خەرجی بکەین؛ دەڵێن، نییە بە بیانووی (ئەولەویەت مووچەیە)."
 
تەنیا بۆ ئەمساڵ، شارەوانیی چەمچەماڵ داوای لە سەرووی خۆی کردووە کە 11 پڕۆژە پێویستن بۆ شارەکە و تێچووەکەی سێ ملیار دینارە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە