رووداو - سلێمانی
هەفتەیەک بەسەر وادە یەک مانگییەکەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراقدا تێپەڕى، کە بڕیارە لە 13ى تەممووز تاوەکو 11ى ئاب بنکەکانیان بکرێتەوە بۆ ئەو کەسانەى خۆیان تۆمار نەکردووە و کارتى بایۆمەترییان نییە. تیمی رووداو سەردانى دوو بنکەى کۆمیسیۆنی کرد، بەڵام خەڵک بە سستى دەچن بەدەم بانگەوازەکەوە.
ئاڤان عوسمان، مامۆستاى وەرزش دەڵێت، "لەدایکبووى ساڵی 2002م، پێشتر شموولى دەنگدانم دەکرد، بەڵام نەهاتم، ئەمڕۆ هاتم و خۆم تۆمار کرد و گوتیان: مانگى 11 وەرەوە بۆ کارتەکەت."
شەهاب کەریم، کاسبکار دەڵێت، "هاتم بۆ گواستنەوەى بنکەى دەنگدانەکەم، گوتیان بڕۆ کۆپیى ناسنامەکانى خۆت و منداڵەکانت بهێنە و وەرەوە."
لە سنوورى سلێمانى، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان 79 بنکەى کۆمیسیۆن کراونەتەوە، 23 لەوانە لەنێو سلێمانیدان، جگە لە تۆمارکردنى نوێ، راستکردنەوەى ناو و کوژاندنەوەى ناوى مردووان، گواستنەوەى شوێنى دەنگدان و دابەشکردنەوەى کارتەکانى پێشوویان لەئەستۆدایە.
لەو سنوورە ملیۆنێک و 441 هەزار کەس مافى دەنگدانیان هەیە، بە گوتەى کۆمیسیۆنى سلێمانى، نزیکەى 80%ى خەڵک کارتى دەنگدانیان بۆ کراوە.
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەرى گشیى لقى سلێمانى/ کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، "کۆمیسیۆنى عێراق تەواوى سیستمى دەنگدان و دەنگ ژماردنیشى کردووە بە ئەلیکترۆنی، بۆیە متمانەیەکى زیاترى لاى خەڵک و حیزبەکانیش دروستکردووە، ئێستا کراوەتەوە، خەڵک ئەگەر نەچن بۆ خۆتۆمارکردن و کوژاندنەوەى ناوى مردووان، دواتر نابێت گلەیى لە کۆمیسیۆنیش بکەن."
کۆمیسیۆنى عێراق لە ساڵى 2014ـەوە دەستى بە کارتى بایۆمەترى کردووە، خەڵک پێشتر بە کارت یان بەڵگەنامەى دیکەش دەیانتوانى دەنگ بدەن، بەڵام بۆ هەڵبژاردنى ئەمساڵ جگە لە بایۆمەترى، کارتى دیکە کارى پێناکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ