وەزیری بەرگریی فەرەنسا لە هەولێر: پەیوەندییەکی کاریگەر و لەدڵەوەمان لەگەڵ ئەم ناوچەیەدا هەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی فەرەنسا لە هەولێرەوە رایگەیاند وڵاتەکەی سەرەڕای قەیرانی ئۆکراینا کە بەشی زۆری توانای دیپلۆماسیی رۆژئاوای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، بەڵام ئەم ناوچەیە و هەرێمی کوردستانی لەبیر نەکردووە و "پەیوەندییەکی لەدڵەوەی لەگەڵدا هەیە".
سێباستیان لوکۆغنیو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا، کە ئەمڕۆ لە بەغداوە گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19-7-2023) لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان سازکرد و رایگەیاند "ئەمە یەکەمجارم بوو گەشت بۆ هەولێر بکەم و هەرگیز لەبیری ناکەم".
وەزیرە فەرەنسییەکە، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا باسی لەو بابەتانە کرد، کە فەرەنسا، ناوچەکە و جیهانیان سەرقاڵ کردووە، لە هەولێریشەوە دڵنیایی دا لەوەی، وڵاتەکەی ئەو پەیوەندییە و هاوبەشییە لەبیرناکات کە لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیەتی.
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، تائێستا هەردوو سەرۆکی ئێستای فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە، فروانسوا ئۆلاند، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو دۆستایەتی و هاوبەشییەی لەگەڵ کورددا هەیانە، وەزیرە فەرەنسییەکەش لە کۆنگرەکەدا گوتی؛ لەکاتێکدا ئۆکراینا بەشی زۆری دیپلۆماسیی فەرەنسای سەرقاڵ کردووە، لێرەوە پێتان دەڵێین فەرەنسا کورتبین نییە... ئەوەی کە کراوە و سوودی بۆ ئارامیی هەرێمی کوردستانی عێراق هەبووە، هەروەها سوودی بۆ ئارامیی فەرەنسییەکانیش هەبووە.
گوتەکانی سێباستیان لوکۆغنیو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
زۆر سوپاس سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، بۆ ئەو پێشوازیکردنە گەرمەمان لێرە، لە من و شاندەکەی سەرۆکایەتیی دەکەم، کردتان. هەروەها لەلایەن خۆمەوە سڵاوم بۆ باڵیۆزەکەمان و کۆنسوڵەکەشمان هەیە".
ئێستا کاتێکی تایبەتە بۆ هەموو جیهان، کاتێک کە دەبێت لە زۆر بابەتی ئەمنیدا چاکسازی بکەین، وەک جەنابت پێش کەمێک روونتکردەوە. ئێستا لە پەرلەمانی فەرەنسا دەنگ لەسەر پاکێجێک دەدرێت کە پێشینەی نەبووە، ئەگەر هەشیبووبێت رەنگە ئەوەبووبێت کە لەسەردەمی جەنەراڵ دیوگۆل لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو دەبوو بڕیاری لەسەر بدات سەبارەت بە چەند قەیرانێکی جیاواز، لەوانە بەربەرەکانێی ناوەکی، گەڕانەوەی بەربەرەکانی هێزە گەورەکانی جیهان، کێشەکانی گەرمبوونی کەشوهەوا و کێشەی ئەمنی لە ئاسمان و دەریاکان و هەروەها بەدڵنیاییەوە بابەتی تیرۆریزم.
پێتان دەڵێم بەدڵنیاییەوە فەرەنسا پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ ئەو ناوچەیەدا هەیە، پەیوەندییەک لە دڵەوە، پەیوەندییەکی کاریگەر، هەروەها بەداخەوە پەیوەندییەک لە کاتە ناخۆشەکاندا، وەک دەزانن هێرشەکانی سەر پاریس و هێرشەکانی سەر نیس پەیوەندییەکی تایبەتیان بۆ فەرەنسا دروستکردووە، بۆیە فەرەنسا وڵاتێکی رۆژئاوایی وەک ئەوانی دیکە نییە، لەڕووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمدا. ئەنجامەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لێرە بەدەستهاتوون لەوانە ئۆپەراسیۆنەکانی لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ئۆپەراسیۆنە دوولایەنەکانیش، دیارن و ئەو کاتە ئارامییە کاتییەش ئەو ئەنجامانە نیشاندەدەن، بەڵام لەهەمان کاتدا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم هەر وەک ئاڵنگارییەک دەمێنێتەوە کە دەبێت هەمیشە چاوکراوەبین بۆی، چونکە بەتەواوەتی کۆتاییمان بە ئیسلامیزمی رادیکاڵ نەهێناوە کە داعشە، بۆیە دەبێت بەردەوام بین لە هەوڵەکانمان لە گۆڕینەوەی زانیاری و هەواڵگری وەک جەنابی سەرۆک ئاماژەت پێدا، ئەمە یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکان و خاڵەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتەکانی ئەمن و ئاسایشدا کە رووبەڕووی هەموومان دەبێتەوە.
هەروەها دەگەڕێینەوە سەر بابەتێکی گڵۆباڵتر کە ئەویش ئۆکراینایە، ئەم دۆسیەیە لەمکاتەدا بەشێکی زۆری دیپلۆماسیی فەرەنسیی سەرقاڵ کردووە و بە رۆژنامەڤانانی ئامادەبووی ئێرە و چاودێرانیش دەڵێین، فەرەنسا کورتبین نییە، کە قەیرانی ئۆکراینا بەشێکی زۆری وزەی رۆژئاوا خەرج دەکات، دەزانین هەروەها پێویستە چی بۆ هەموو هاوڕێیانمان و هاوبەشانمان بکەین، ئەوەی کە کراوە و سوودی بۆ ئارامیی هەرێمی کوردستانی عێراق هەبووە، هەروەها سوودی بۆ ئارامیی فەرەنسییەکانیش هەبووە.
جارێکی دیکە سوپاست دەکەم، ئەمە یەکەمجارم بوو گەشت بۆ هەولێر بکەم و هەرگیز لەبیری ناکەم.