پۆلیسی کرماشان: لە ساڵێکدا 11 هەزار و 100 کەس لەسەر دزیکردن دەستگیرکراون


رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە ساڵی رابردووی هەتاوییدا واتە 21-3-2022 تاوەکو 21-3-2023 زیاتر لە 11 هەزار و 100 کەسیان بە تۆمەتی دزیکردن لەو پارێزگایەدا دەستگیرکردووە و ئەوەش 19٪ زیاتر لە ساڵی پێشتر بووە.
 
بەگوتەی مەهدی حاجییان، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشان، لەو ژمارە دزەی کە لەو ساڵەدا دەستگیرکراون، زیاتر لە 8 هەزار و 300 کەسیان تەمەنیان لەنێوان 30 ساڵ تاوەکو 50 ساڵدا بووە و بەشی زۆری دزییەکانیش کەلوپەلی ئۆتۆمبیل و نێوماڵی خەڵک بووە. 
 
رۆژنامەی ئیعتمادی ئێرانی رۆژی 15.06.2023 لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە 5 ساڵی رابردوودا دزیکردن زیادبووە و بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێرانیش، دزیکردن زۆر هەڵکشاوە، بەجۆرێک کە دوای ماددە هۆشبەرەکان، دزیکردن دووەمین تاوانە لە ئێراندا.
 
بەپێی راپۆرتەکەی ئیعتیماد، قەیرانی ئابووری و کاریگەرییەکانی وەک بێکاری و جیابوونەوەی هاوژینەکان هۆکارە سەرەکییەکانی دزیکردنن لە ئێران.  
 
بەپێی ئامارێک کە ساڵی رابردوو ناوەندی ئاماری ئێران بڵاویکردەوە، لە ساڵی 2016دا 343 هەزار و 425 دزیکردنی تۆمار کراون، ئەوە لەکاتێکدایە لە ساڵی 2021دا بووەتە یەک ملیۆن و 400 هەزار دزیکردن.