رووداو دیجیتاڵ
تەرمی جەمال شارباژێڕی، شاعیر و ئەدیبی ناسراوی کورد لە قەزای چوارتای سلێمانی بە خاک سپێردرا، دوای ئەوەی تەرمەکەی لە بەریتانیاوە گەیەنرایەوە سلێمانی. جەمال شارباژێڕی، کە 26 ساڵ بوو لە لەدەرەوەی وڵات دەژیا، 10ـی ئەم مانگە لە لەندەن بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
جەمال شارباژێڕی، لەدایکبووی ساڵی 1941 و لە رۆژی 10-7-2023 بەنەخۆشی کۆچی دواییکرد، لە فڕۆکەخانەی سلێمانی یەکێتی و پارتی پێکەوە گوڵیان لەسەر تەرمەکەی دانا. تەرمی ئەو ئەدیبە بە مەراسیمێک کە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران سەرپەرشتی دەکرد، لە فڕۆکەخانەوە بۆ دوایین مەنزڵی لە گۆڕستانی سەلیم بەگ بردرا.
جەلال شارباژێڕی، برای جەمال شارباژێڕی سەبارەت بە دوایین کاتەکانی ژیانی براکەی بۆ رووداو دوا و گوتی "لەم حەوت مانگەی رابردوودا تەندروستیی باش نەبوو و قاچەکانی لەدەستدابوو، دوایین بەرهەمی بەتەواونەکراوەی بەجێهێشت و خۆمان ئیشەڵڵا بۆی تەواو دەکەین".
ناوی تەواوی شارباژێڕی، جەمال ئەمینە، لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی گرووپی روانگە و، بەبەردەوامی هۆنراوە و شیعرەکانی بۆ رۆژنامەی ژین ناردووە. هاوڕێی نزیکی شاعیری کۆچکردوو، شێرکۆ بێکەس بوو.
شاعیر قوبادی جەلیلزادە، دەڵێ "مامۆستا جەمال لەو چوارچێوەیدا مرد کە لێرە زیندوو کوژی مردوو پەرستین. لە بیرەوەرییەکانی شێرکۆ بێکەسدا خوێندوومەتەوە، دەڵێت، کاتێک شیعرم نووسیوە، نیشانی مامۆستا جەمالم داوە، چونکە هەنگاوێک لەپێشمانەوە بوو".
کسپەی سۆز و ملوانکەی هەزاردەنکەی شارباژێڕ، ژوانگەی هەژان و ژان، نامەكان، ئەوانە بەرهەمی چاپکراوی شارباژێڕی بوون، کە زۆرینەی شیعر و هۆنراوەکان بۆ عیشق بوون.
جەمال شارباژێڕی لە ساڵی 1997ـوە تاوەکو کۆچیدواییکردنی لە شاری لەندەن ژیاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ