لە سنە سواڵکەرێک بۆ ئەوەی رێگری لێ نەکرێت پێشنیازی پێدانی مووچە دەداتە بەرپرسێکی شارەوانی

19-07-2023
ناسر پیرۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سواڵکەرێک لە سنە پێشنیازی پێدانی مووچەی مانگانە بە بەرپرسێکی شارەوانی دەکات، بۆ ئەوەی رێگری لێنەکرێت لەو شوێنەی دەیەوێت سواڵ بکات.
 
ئەنوەر رەشیدی، سەرۆکی شارەوانیی سنە رایگەیاند، سواڵکەرێکی ئەو شارە پێشنیازی بۆ بەڕێوەبەری کۆنترۆڵکردنی سواڵ لە شارەوانیی ئەو شارە کردووە، مانگانە 12 ملیۆن تمەن بەرتیلی پێبدات تاوەکو رێگەی پێبدات لەو شوێنەی دەیەوێت سواڵ بکات.
 
شارەوانیی سنە گرتەی ڤیدیۆیی کاتی قسەکردنی بەرپرسەکەی شارەوانی لەگەڵ سواڵکەرەکەی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئەو کەسەی سواڵ دەکات دەڵێت، لە مانگێکدا 60 ملیۆن تمەن داهاتی هەیە. دواتر پێشنیازی بەرتیلی مانگانە دەداتە بەڕێوەبەری کۆنترۆڵکردنی سواڵ لە شارەوانیی سنە و دەڵێت، ئەگەر رێگەی پێبدەن لە سێ رێیانی ئەدەب سواڵ بکات و دەستبەسەری نەکەن، مانگانە 12 ملیۆن تمەنی پێ دەدات.
 
سەرۆکی شارەوانیی سنە دەڵێت، هێزەکانی شارەوانی لەکاتی هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی سواڵکەرەکان لەنێو شار تووشی ئەو کەسە بوون و پێشنیازی پێکردوون بەرتیلیان پێبدات و هێزەکانیان قسەکانی نێوانیان تۆمار کردووە. 
 
ژمارەی تەواوی ئەو کەسانەی لەنێو شاری سنە سواڵ دەکەن، دیار نییە و دامودەزگا حکومییەکانیش ئامارێک لەوبارەوە بڵاوناکەنەوە، بەڵام بەرپرسانی شارەوانیی سنە دەڵێن، ژمارەی سواڵکەرەکان لەو شارە زۆرە و کێشەیەکی گەورەیە بۆ شارەوانیی شارەکە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە