ئاژەڵدارانی ئامێدی بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا ناچارن لە چیاوە رووبکەنە دەشتاییەکان

رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد سەعدوڵڵا، ئاژەڵدارێکی گوندی گوهەرزە لە دەڤەری ئامێدیی پارێزگای دهۆک. 150 سەر مەڕ و بزنی هەیە و لەوەڕگەکەی چیای مەتینا بوو، بەڵام ئەمساڵ لەترسی بۆردوومانەکانی تورکیا، ناچاربووە مەڕوماڵاتەکەی بباتە دەرەوەی گوندەکەی و پاوانەکەی سووتاوە.
 
ئەحمەد سەعدوڵا، ئاژەڵدار قسە بۆ رووداو دەکات و، دەڵێ ''ئەگەر رەوشەکە هەروابێت، زەوییەکە هەمووی بسووتێت، چی لە مەڕوماڵاتەکەم بکەم! ناچار دەبم هەمووی بفرۆشم، چونکە تا ساڵی داهاتوو ناتوانم ئالیک بکڕم، دەشبێت ساڵی داهاتوو هەمووی بە ئالیک بدەم، لەمەشدا تووشی زیان دەبم''.
 
لەماوەی هەفتەیەکدا، بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەکە، سەتان دۆنم پووش و پاوانی گوندەکانی: بەرچی، گوهەرزی، بەلاڤە و سەرگەلی لە بناری چیای مەتین سووتاون، کە لەوەڕگەی زیاتر لە هەزار سەر مەڕ و بزن و مانگا بوون، ئێستاش ئاژەڵدارەکانی ئەو گوندانە بێ لەوەڕگە ماونەتەوە و نازانن مەڕوماڵاتەکانیان بەرەو کوێ ببەن.
 
یەکێکی دیکە لەو ئاژەڵدارە زیانمەندانەی ناوچەکە ناوی بەهجەت خالیدە، دەڵێ "ناوێرین زیاتر لە نیو کیلۆمەتر بڕۆین، چونکە دەترسین. رۆژێک تۆپێک بەسەر گردەکە کەوت، نێوانی ئێمە و گردەکە 100 مەتر بوو، تۆپبارانەکە هەڕەمەکییە؛ دەبینی تۆپ بەنێو مەڕوماڵات دەکەوێت، یان بە دەوروبەری گوند یانیش بە چیاکە".
 
وەهاب بەرچی، پێشمەرگەیە و خەڵک و دانیشتووی ئەو ناوچەیەی ئامێدییە، باسی ئەوە دەکات "ئێمە، نازانین داوای قەرەبوو لە کێ بکەین، سەرەنجام ناچارین گوندەکانی خۆمان چۆڵ بکەین".
 
لەماوەی 18 رۆژی مانگی تەممووزی 2023، جگە لە نۆی مانگ، تورکیا هەموو رۆژێک بۆردوومانی چیای مەتینا، کورەژار و گارەی لە قەزای ئامێدی کردووە، لەئەنجامدا سێ روودانی ئاگرکەوتنەوە دروست بوون و سەتان دۆنم دارستان و پاوەنیش سووتاون.
 
هەتاوەکو بەرلە پێنج بۆ شەش ساڵی رابردوو، ئاژەڵدارانی خوارەوەی چیا، مەڕوماڵاتەکانیان بەرزاییەکان بۆ لەوەڕاندنیان، بەڵام ئێستا رەوشەکە پێچەوانە بووەتەوە، ئاژەڵدارانی چیاکە، ناچاربوون بەهۆی رووداوەکانی سووتان و نەمانی لەوەڕگەکان، رووبکەنە ناوچە دەشتاییەکان و لە تۆپ و بۆردوومان دووردەکەونەوە.