وردەکاریی ئەو سکاڵایەی لەسەر وەهاب هەڵەبجەیی تۆمارکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی دەرچوو. بنەماڵەی سکاڵاکاریش دەڵێن، لە دادگەی چەمچەماڵ و هەولێر سکاڵایان تۆمار کردووە.
رۆژی 11-11-2020 پیاوێکی دانیشتووی ناحیەی قەرەهەنجیر بە ناوی عومەر لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا. ئەوکات بنەماڵەکەی بە رووداویان راگەیاند، "لەلایەن هێزێکی تایبەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانییەوە تەقەی لێکراوە و هەر لەلایەن ئەوانیشەوە لەنزیک بازگەی رێدار کوژراوە."
ئەمڕۆ سێشەممە 19-07-2022 سۆران نامیق، برای عومەر نامیق کە دەڵێت براکەی لەلایەن ئاسایشەوە کوژراوە، بە رووداوی گوت، "دوای ئەوەی براکەم لەلایەن ئاسایشەوە کوژرا، لە دادگەی چەمچەماڵ سکاڵامان لەسەر ئاسایش و بەڕێوەبەری ئاسایشی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی تۆمارکرد، بەڵام سکاڵاکەمان نەجووڵێندرا، بۆیە بە ناچاری سکاڵاکەمان بردە دادگەی لێکۆڵینەوەی هەولێر."
رۆژی 01-06-2022 دادگەی لێکۆڵینەوەی هەولێر یاداشتێکی دەستگیرکردنی بۆ وەهاب مەجید باقی، ناسراو بە وەهاب هەڵەبجەیی، دەرکردووە کە واژۆی دادوەر محەممەد عەبدولڕەحمان قاسم-ی لەسەرە و ئاماژە بەوە کراوە کە لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی کوشتن سکاڵاکەی لەسەر تۆمار کراوە.
رووداو لەڕێگەی سەرچاوەیەک لە دادگەی لێکۆڵینەوەی هەولێر، ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە یاداشتی دەستگیرکردنەکە راستە و "کاتێک رەوانەی پۆلیسی سلێمانی کراوە، وێنەی گیراوەتەوە و کەوتووەتە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان."
عومەر پێشتر پێشمەرگە بووە لە لیوای 16ی تایبەت، بەڵام لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە گەڕابووەوە قەرەهەنجیر، وازی لە پێشمەرگایەتی هێنابوو و خەریکی کاری ئاژەڵداری بووە.
عومەر لە دوو هاوژین لەدوای خۆی نۆ منداڵی تەمەن خوار 10 ساڵی بەجێهێشتووە.
رۆژێک دوای رووداوەکە، شەهلا واحید، هاوژینی عومەر بە رووداوی گوت، "دوایین کەس کە تەلەفۆنی لەگەڵ عومەر کرد، خۆم بووم و پێی گوتم ئاگات لە منداڵەکانم بێت، چونکە ئاسایش و دژەتیرۆر دوام کەوتوون و تەقەم لێدەکەن، هەروەها گوتی بزانە نەهاتوونەتە لای ماڵمان، منیش سەیرم کرد کەسی لێنەبوو، پێم گوت تەلەفۆن بۆ براکەت بکە با بێت بەهاناتەوە، بەڵام ئیدی دەنگی نەما."
دوای 24 کاژێر لە کوژرانی عومەر نامیق، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "عومەر نامیق تۆمەتبار بووە و دوو فەرمانی گرتنی لە دادگەی لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ بە ماددەکانی (446 و 422) و فەرمانێکیشی لە دادگەی لێکۆڵینەوەی سلێمانی هەبووە بە ماددەی 422؛ هەرسێ ماددەکە ماددەی دزیکردن و رفاندنی مرۆڤن."
ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی هەرچەندە (ئەوکاتە) دانی نەنا بە کوشتنی عومەردا، بەڵام گوتی "رووبەڕووبوونەوەی کەسانی لادەر لە یاسا و گێرەشێوێن و تەقەکەران و تێکدەرەکانی ئاسایشی هاووڵاتییان، بە ئەرکی خۆمان دەزانین."