بافڵ تاڵەبانی سوورە لەسەر بەربژێرکردنەوەی بەرهەم ساڵح
رووداو دیجیتاڵ
رووداو نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فوئاد حوسێن، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاودەکاتەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە سەرچاوەیەکی باڵای ئاگادار لە کۆبوونەوەکە زانیویەتی؛ بافڵ تاڵەبانی گوتویەتی کە بەربژێری ئەوان هەر بەرهەم ساڵحە و سوور بووە لەسەر بەربژێرکردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
بەپێی زانییارییەکانی سەنگەر عەبدولڕەحمان کە لە بوولتەنی کاژێر 12:00 ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لە نێوان یەکێتی و پارتی لەبارەی بەربژێری سەرۆککۆمار نەکراوە و هەردوولا سوورن لەسەر بەربژێری خۆیان.
رۆژی دووشەممە 18-7-2022، د. فوئاد حوسێن، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە بەغداوە چووەتە سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار لە کۆبوونەوەکە وەریگرتووە، کۆبوونەوەکە دوو قۆڵیی بووە و هیچ کەسی دیکە لە پارتی و یەکێتی بەشدارنەبوون، لەبەرئەوەیە کە هیچ زانیارییەک لەسەر نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاونەکرایەوە، بەڵام رووداو بەشێک لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرادەکات.
کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و فوئاد حوسێن پێنج کاژێری خایاندووە
کۆبوونەوەکە لە دەباشان بووە لە سلێمانی و پێنج کاژێری خایاندووە، یەکەم جار سێ کاژێر کۆبوونەوە بەردەوام بووە، پشوویەکیان وەرگرتووە و هەردوولا پرس و رایان لەگەڵ نزیکەکانی خۆیان کردووە و کۆبوونەوە دەستی پێکردووەتەوە. جارێکی دیکە دوو کاژێر گفتوگۆ بەردەوام بووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان لە سەرچاوەیەکی باڵاوە پشتڕاستی کردووەتەوە؛ ''کەشی کۆبوونەوەکە ئیجابی بووە''، گفتوگۆی چڕ و پڕ کراوە لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر ئەوە کراوە کە "نابێت رێگە بدرێت پێکنەهێنانی حکومەتی عێراق بخرێتە ئەستۆی کورد، چونکە نێو ماڵی شیعە زۆر پەرتەوازەیە و حکومەتی بۆ پێکناهێندرێت و دەیانەوێت رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆککۆمار بکەنە هۆکاری پێکنەهێنانی حکومەت."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو جارێکی دیکە پارتی بەرهەم ساڵحی رەتکردووەتەوە، بەڵام ئامادەیی نیشانداوە لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکبکەون. سەرچاوەکەی رووداو دەڵێت، "وەک دەستپێک و تواندنەوەی بەستەڵەکەی نێوان هەردوولا، کۆبوونەوەکە باش بووە و بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، چونکە یەکێتیش لەسەر مانەوەی بەرهەم ساڵح سوور بووە."
رووداو زانیویەتی کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە روونی بە لایەنە عێراقییەکانی گوتووە؛ چۆن کورد دەستوەردانی نەکردووە لە دیاریکردنی محەممەد حەلبووسی بۆ بوونە سەرۆکی پەرلەمان کە مافی سوننەکان بووە و خۆیان دیاریان کردووە، بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانیش لە لایەن شیعەکانەوە کورد دستوەردان ناکات و مافی خۆیانە کێ دیاری دەکەن. پارتی گوتویەتی کە "دەبێت سوننە و شیعەکانیش ئەو مافە بە کورد بدەن کە خۆیان [پارتی و یەکێتی] کەسێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیاری بکەن و یەکلایی بکەنەوە، نابێ لایەنەکانی دیکە دەستووەردان لەم بابەتە بکەن."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکنەکەون، پێشنیازێک هەیە لەنێو فراکسیۆنە کوردستانییەکان و بە دەنگدانی پەرلەمانتارانی کورد لە نێوان بەربژێرانی کورد بەربژێرێک دیاری بکرێت، بەڵام ئەم رێگەیە کاتێک بگیرێتەبەر کە پارتی و یەکێتی بگەنە بنبەست.
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە رۆژی سێشەممە یان رۆژی چوارشەممە 20-7-2022 سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کۆببنەوە.