کوردێک لە بەریتانیا لە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە و ئەندامەکان پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت
رووداو-هەولێر
دکتۆرێکی کورد لە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە و ئەندامەکان، لەسەر ئاستی بەریتانیا پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت و دکتۆرێکی دیکەی کوردیش چوارەم دەبێت.
دکتۆر گۆران فریاد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە بۆ یەکەمجار وەکو عێراقییەک و کوردێک، پلەی یەکەمی لە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە و ئەندامەکان لە بەریتانیا بەدەستهێنا، لەوبارەوە بە رووداوی گوت: "دوای ئەزموونی 15 ساڵ کارکردن لە بواری نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق بڕوانامەیەکی نێودەوڵەتیم لە بەریتانیا بە پلەی یەکەم بەدەستهێنا لە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە و ئەندامەکان".
ماوەی خوێندنەکە چوار ساڵە و دکتۆر فریاد کە هاوکات ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەیە لە شاری سلێمانی، دەڵێت: "بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ئاستەنگیی گەورەی بۆ دروستکردین، بەڵام لە 18.7.2022 ئاهەنگی کۆتاییمان کرد و توانیم لە لیستی دەرچووەکاندا پلەی یەکەم بەدەستبهێنم و دکتۆر شاخەوان حەمەئەمینیش کە ئەویش خەڵکی هەرێمی کوردستانە، پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە".
دکتۆر گۆران فریاد، ساڵی 1981 لە سلێمانی لەدایکبووە، ساڵی 2005 بەکالۆریۆسی لە پزیشکی و نەشتەرگەری گشتیی لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە، ساڵی 2015 دکتۆرای لە نەشتەرگەریی میزڵدان و چاندنی گورچیلە بەدەستهێناوە.