رووداو-هەولێر
سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە و شەهیدانی لە ئیدارەکەیان داوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 19-7-2022، هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند: "کردنەوەی ئەو دوو بەڕێوەبەرایەتییە لەمێژە کاریان بۆ دەکەین لە چوارچێوەی کردنەوەی چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکەیە کە لە رابردوودا لە سنوورەکە کراونەتەوە وەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ، شارەوانی و گەشتوگوزار کە فەرمانیان بۆ دەرچوو بوو."
بەگوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین: "ئەو دوو بەڕێوەبەرایەتییە (بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوان) ئەمڕۆ فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بۆ دەرچووە و دوو بەڕێوەبەرایەتیی زۆر گرنگ بوون لە سنووری ئیدارەی راپەڕین کە بکرێنەوە، یەکێک لە کەموکورتییەکان کارانەبوونی ئەو دوو بەڕێوەبەرایەتییە بوو لە ئیدارەکە."
هیوا قەرەنی گوتیشی: "دوای دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، لە ئەمڕۆوە دەست بە رێکارەکان دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ