پەدەکەسە: مەزڵووم عەبدی ناتوانێت پەیەدە کۆنتڕۆڵبکات

19-07-2021
سیروان عەباس
نیشانەکردن پەدەکە پەیەدە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا رایگەیاند، ئەو ئەندام و لایەنگرانەی پەدەکەسە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستگیرکراون، هیچ تۆمەتێکیان لەسەر نییە جگە لەوەی کە ئەندامی ئەنەکەسەن و کەسانی دیار و لێهاتوون.
 
نووری بریمۆ، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ دەبێتە 9 ساڵ کە پەیەدە دەسەڵاتی لە هەرێمە کوردییەکانی رۆژئاوا هەیە، دوای ئەو ساڵانە خەڵکی ئێمە بە دیالۆگی کوردی-کوردی زۆر دڵخۆشبوون، سەرەڕای ئەوەی مانگی رابردوو مەزڵووم عەبدی دڵنیایی دایە نوێنەری ئەمریکا لە رۆژئاڤا کە مافی مرۆڤ پارێزراو دەبێت و یەکێک لەو خاڵانەی کە هەردووکیان واژۆیان لەسەرکردووە ئەوەیە کە چیدی پێشێلکاری نەکرێت، کەچی پەیەدە بەردەوامە لە دەستگیرکردن و کوشتنی ئەندامانی حیزبەکانی دیکە".
 
نووری بریمۆ گوتی: "پێویستە پەیەدە رێز لە بەڵێن و رێککەوتنەکانی خۆی بگرێت، چونکە ئێمە وێنەی رێککەوتنی نێوان مەزڵووم عەبدی و نوێنەری ئەمریکامان لایە لەبارەی رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ".
 
لەبارەی ئەو چوار کەسەی کە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (ئەنەکەسە) کە لە دوو رۆژی رابردوو دەستگیرکراون، نووری بریمۆ گوتی:" ئەوانەی دەستگیرکراون هیچ تۆمەتێکیان لەسەر نییە جگە لەوەی کە ئەندامی ئەنەکەسەن و کەسانی دیار و لێهاتوون، دوای ئەوەی پەیەدە ئەمین عیسای کوشت، ئێمە گوتمان بەڵکو دوای ئەم رووداوە سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکان دابنرێت، بەڵام بەداخەوە بەردەوامە". گوتیشی: "پەیەدە گوێ بە مەزڵووم عەبدی و ئەمریکاش نادات، پێشێلکارییەکانیشیان تەنیا دژی ئێمە نین، دژی کورد، عەرەب، کریستیان و خەڵکی سڤیلن".
 
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی ئەنەکەسە ئاماژەی بەوەشکرد، پەیەدە لەو رۆژەوەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو کەسانەوە نەداوە کە دەستگیری کردوون یان کوشتوونی.
 
بریمۆ گوتی: "ئەوان دەیانەوێ حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیان چاوترسێن بکەن بۆ ئەوەی چیدی شەقام و حیزبەکانی دیکە دەنگیان زوڵاڵ نەبێ، چونکە ئەوان بەهیچ جۆرێک هاوبەشیان قبووڵ نییە".
 
نووری بریمۆ دەڵێت ئەوان سوورن لە درێژەدان بە دیالۆگی کوردی - کوردی و گوتی: "ئەگەر دەیان ئەندامی دیکەشمان دەستگیربکرێن، ئێمە لە دیالۆگی کوردی-کوردی ناکشێینەوە، بەتایبەتی کاتێک کە زلهێزێکی وەکو ئەمریکا لەو دیالۆگە بەشداربێت".
 
لەبارەی هەوڵەکانی مەزڵووم عەبدی و دڵنیاییدانی بە ئەمریکا و رۆڵی لە دیالۆگەکاندا، نووری بریمۆ گوتی:"ئێمە چاوەڕێی ئەوەبووین کە مەزڵووم عەبدی لەنێو دیالۆگەکاندا نێوەندگیربێت نەک لایەنگر، بەڵام بەداخەوە دیارە ناتوانێت رەوشەکە کۆنترۆڵبکات، بۆیە پێویستە بە روونی ئەمە بە ئەمریکا بڵێت، بۆ ئەوەی ئێمەش وا بیر نەکەینەوە کە ئەویش لایەنگرە".
 
دوێنێ یەکشەممە پارتی دیموکراتی کوردستان لە سووریا (پەدەکەسە) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکر، پەیەدە چوار ئەندامی لە قامیشلو، گرکێ لەکێ و چل ئاغا دەستگیرکردوون و ئاماژەی بەوەشکرد "تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە".
 
پەدەکەسە لە راگەیێندراوەکە دەڵێت: "محەممەد ساڵح شەلال، بارزان حوسێن، محەممەد دەحام عەیۆ و عیزەددین مەحموود دەستگیرکران، هەروەها لە 13-7-2021 فرامەرز عەبدولکەریم و لە 22.5.2021یش عەبدولغەفار محەممەد دەستگیرکراون، ئەمەش سەلمێنەری شکستی رێڤەبەری خۆسەرە".
 
تاوەکو ئێستا پەیەدە هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو دەستگیراوانەی پەکەسە باسیان دەکات نەداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەت وەڵامی زاوایەکی سەدام حوسێن دەداتەوە

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەی کەسێک بەناوی جەمال مستەفا تکریتی رەتدەکاتەوە، کە "لێدوانی ناڕاست"ـی بەناوی مەسرور بارزانییەوە بڵاوکردووەتەوە.