ئەو تۆمەتانەی دراونەتەپاڵ زارا محەممەدی لە یاسای ئێران‌دا تاوان نین
جەبار حەبیب
رووداو دیجیتاڵ
رووداو دیجیتاڵ
کچێکی باڵا مامناوەندە، به کراس و که‌وایه‌کی کوردییه‌وه به‌رده‌وام هاتووچۆی فێرگه‌ی زمانی کوردی ده‌کات، به وزه و باوه‌ڕبه‌خۆبوونێکی زۆره‌وه له هه‌فته‌یه‌کدا دوو رۆژ به خه‌رجی خۆی بۆ گونده دووره‌کانیش ده‌چێت، تەنیا بە ئامانجی فێرکردنی زمانی دایکی ئەو منداڵانەی مافی خوێندنیان به زمانی کوردی له قوتابخانەدا نییه و ناچارن به زمانی فه‌رمیی وڵات بخوێنن، کە فارسییە، به‌ڵام که‌س نەیدەزانی ئه‌م چالاکیانەی زارا محەممەدی، کە پێنج مانگە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، بە سزای بەندکردن بۆ ماوەی 10 ساڵ کۆتایی دێت.
زارا محه‌ممه‌دی، تەمەن 30 ساڵ مامۆستای زمانی کوردییە. لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانی ئێران له شاری سنه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای کوردستان له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێی دیکەیدا، که ئه‌ندامی رێکخراوه‌ی فێرکاری زمانی کوردی (نۆژین) بوون دەستگیرکرا. پاش شه‌ش مانگ به بارمته‌ی قورس ئازادکرا، به‌ڵام هەفتەی رابردوو جارێکی دیکە له‌لایه‌ن دادگای ئه‌و شاره‌وه به "تاوانی هه‌وڵدان بۆ شێواندنی ئاسایشی نیشتمانی" سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.
دوای راگه‌یاندنی سزای دەستگیرکردنەکەی، بنه‌ماڵه‌ی زاراو چالاکڤانانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان شۆک بوون، تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به هاشتاگی "خوێندن به زمانی دایک تاوان نییه" تەنرا و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزاکەیان کرد.
زارا محه‌ممه‌دی، پێنج مانگه ژیانی هاوبه‌شی پێکهێناوه، به‌ڵام بەپێی بڕیاری دادگای سنە بێت، 10 ساڵی داهاتووی تەمەنی له گرتووخانه بەسەردەبات.
هاوژینەکەی زارا: تۆمەتی زۆری خراونەتەپاڵ
سه‌یوان ئیبراهیمی، دەستگیرانەکەی زارایە، کوڕێکی باڵابهرزە، ئەویش راهێنه‌ری زمانی کوردییه و باسی چۆنێتی یەکترناسینی خۆی و زارای بۆ رووداو کرد و گوتی "له ئه‌نجوومه‌نی نۆژین له‌گه‌ڵ زارا یه‌کدیمان ناسی، دووساڵ لەمەوبەر بڕیاری ژیانی هاوبه‌شمان دا و به‌نیازبووین ئاهەنگ بکەین، به‌ڵام ساڵی رابردوو زارا ماوه‌ی شه‌ش مانگ دەسگیرکرا و ئه‌مه ئاهەنگەکەمانی دواخست، به‌ڵام دوای ئازادبوونی به بارمته، پێنج مانگ لەمەوبەر ئاهەنگەکەمان کرد".
سه‌یوان باسی دادگایی‌کردنی زارا ده‌کات که رۆژی 17ی شوباتی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌چوو و ده‌ڵێت "ته‌نیا زارا و پارێزه‌ره‌که‌ی له ژووری دادگایی‌کردن ئاماده بوون و ئێمه له ده‌ره‌وه بووین، تۆمەتی زۆری وه‌ک جوداخوازی و پێکهێنانی ده‌سته‌و گرووپ به‌مه‌به‌ستی شێواندنی ئاسایشی نیشتمانی درابووه‌پاڵ، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ سه‌لماندنیان نه‌بوو". بەڵام بڕیاری دادگا سەیوان و هاوڕێکانی دیکەی زارا شۆک دەکات کە لە دەرەوەی ژووری دادگاییەکە لە چاوەڕوانیدا بوون و سه‌یوان ده‌ڵێت " پارێزه‌ره‌که‌ی وا قسەی لەگەڵ دەکردین کە چاوه‌ڕوانی بڕیاری بێتاوانیمان دەکرد".
سه‌یوان دەخوازێت دادگاییکردنێکی ئاشکرای هاوژینەکەی به ئاماده‌بوونی مافناسان بەڕێوەبچێت، چونکه وەک خۆی دەڵێت "ته‌واوی به‌ڵگه‌کان بێتاوانی زارا ده‌سه‌لمێنن".
پارێزەرەکەی زارا: ئامانج لە سزادانی زارا رێگریکردنە لە بایەخدان بە زمانی کوردی
به‌پێی مادده‌ی 15ی یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێران، جگە لە زمانی فارسی، کە زمانی فەرمی دەوڵەتە، خوێندن و نووسین به زمانه‌کانی دیکە چ له قوتابخانه یان شوێنه‌کانی دیکە کێشه‌ی نییه، به‌ڵام ئه‌و مادده‌یه له قوتابخانه‌کان هێشتا به‌کرده‌یی جێبەجێ نەکراوە، بۆیە چه‌ند ساڵێکه له پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چه‌ندین ناوه‌ندی ئه‌هلی که زۆربه‌یان خۆبه‌خشین فێرکاریی زمانی کوردی‌یان کردووەتەوە.
جەوانمەرد عه‌بدوڵڵاهی پارێزه‌ری زارا محه‌ممه‌دی به رووداوی راگه‌یاند، ماوه‌یه‌کی زۆره زارا و هاوڕێیانی له رێکخراوه‌ی نۆژین ده‌ناسێ، بۆیه کاتێک هەواڵی دەستگیرکردنی پێدەگات پارێزه‌رییه‌که‌ی له‌ئه‌ستۆ دەگرێت.
پارێزەرەکەی زارا مامۆستای زانکۆی کوردستانه له به‌شی یاسا له شاری سنه، لەبارەی ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ زارا دەڵێت "زارا جگه له قه‌ڵه‌م هیچی دیکەی پێنه‌بووه و که‌یسه‌که‌شی هیچ شتێکی تێدا نه‌بووه که بە تاوانبار بیناسن". دەشڵێت "کاتێک که‌یسه‌که‌م خوێنده‌وه هەر لە سه‌ره‌تاوە زانیم ته‌نیا ئامانجیان رێگرتنە له‌و شه‌پۆله‌ی گرنگی به زمانی دایک ده‌ده‌ن، من له خراپترین بارودۆخدا چاوه‌ڕانی یه‌ک ساڵ زیندانیکردنیم ده‌کرد، به‌ڵام 10 ساڵیان به‌سه‌ریدا سه‌پاند".
یەکێک لەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ زارا "پێکهێنانی ده‌سته‌و گرووپە بۆ شێواندنی ئارامیی وڵات"، بەڵام عەبدوڵڵاهی دەڵێت "رێکخراوی نۆژین که زارا له‌وێ کاریکردووه له‌لایه‌ن دادگاوه به‌بێ تاوان ناسراوه". بۆیە هاوشێوەی دەستگیرانەکەی زارا، پارێزەرەکەشی داوای پێداچوونه‌وه‌ی سزاکە دەکات، هەرچەندە پێیوانییە هەوڵەکەیان سەربگرێت.
وێنەی ئاڵای کوردستان لەنێو ته‌له‌فۆنه‌که‌ی زارا، پۆشینی جلوبەرگی کوردی و پۆشینی جامانه وه‌ک هه‌وڵی جوداخوازی له قه‌ڵه‌مدراوه. پارێزەرەکەی دەڵێت "ئه‌وانه هیچیان له یاسادا وه‌ک تاوان نه‌ناسراون و ناوه‌ندی زانیاریی سوپای پاسداران رایگه‌یاندووه زارا هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی رێکخراوەیی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران نه‌بووه، که‌چی به‌داخه‌وه هه‌وڵدراوه تاوانی بخه‌نه‌پاڵ".
لە رۆژهەڵاتی کوردستان 15 ناوەندی فێرکاریی زمانی کوردی هەن
سه‌پاندنی سزای 10 ساڵ زیندانیکردن بۆ سه‌ر مامۆستایه‌کی خۆبه‌خشی زمانی کوردی په‌رۆشی له‌نێو چالاکڤانانی مه‌ده‌نی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دورستکردووه.
عه‌دنان به‌رزنجی، به‌رپرسی ناوه‌ندی فێرکاری زمانی کوردی راژه له سنه دەڵێت "من ده‌مێکه خاتوو زارا ده‌ناسم، ئەو ته‌نیا له بواری زمانی دایک کاری ده‌کرد، هه‌ربۆیه ئه‌م رووداوه له‌لای ئێمه په‌رۆشیی دروستکردووه، به‌داخه‌وه ئه‌و تاوانانه‌ی خراونه‌ته‌پاڵ زارا هیچ بنه‌مایه‌کی نییه و ئه‌وه‌ی که روونه ئه‌مانه ته‌نیا بیانوون بۆ پێش‌گرتن له فێرکاریی زمانی کوردی".
15 ناوه‌ندی جۆراوجۆر له سه‌رانسه‌ری رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ فێرکاریی زمانی کوردی کراونەتەوە، که رێکخراوه زانکۆییه‌کانی شاره‌کانی دیکەی ئێران وه‌کو تاران و هه‌مه‌دانیش ده‌گرێته‌وه. وەک ناونده‌کانی راژه، نۆژین و زاگرۆس له سنه. سۆما له مهاباد، له بۆکان ناوندی به‌یان، له ئیلام ناوه‌ندی باشوور، له کرماشان ناوه‌ندی وارین، له ورمێ ناوه‌ندی خانی، له مه‌ریوان ناوه‌ندی ڤه‌ژین، له بانه ناوه‌ندی پاژین. زۆربەی ئەم ناوەندانە لقیان لە شارەکان هەیە.
رێکخراوی نۆژین: سزادانی زارا بۆ چاوترسێنی چالاکڤانانە
ئه‌ندامانی ناوه‌ندی فێرکاریی زمانی کوردی نۆژین له سنه له شوێنی کارکردنیان جگه له جلوبەرگی کوردی، جلوبەرگێکی دیکە ناپۆشن، ئەمەش له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌کانی دیکە جیای دەکردنەوە.
سۆما پوورمحه‌ممه‌دی و ئیدریس مینبه‌ری دوو هاوژینی گه‌نجن که چه‌ند ساڵێکه هاوڕێی زارا محه‌ممه‌دین له رێکخراوه‌ی نۆژین پێیانوایه سزادانی زارا په‌یامێکه بۆ سه‌رجه‌م چالاکڤانانی زمانی کوردی له رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئیدریس مینبه‌ری، گوته‌بێژی رێکخراوی نۆژین، کە له‌گه‌ڵ زارا پێکه‌وه دەستگیرکران، ده‌ڵێت "ئێمه 11 ساڵ پێش ئیستا له زانکۆی په‌یام نووری سنه فێرکاریی زمانی کوردیمان ده‌ستپێکرد و له پاییزی 2013ەوە له زۆربه‌ی شاره‌کانی پارێزگای کوردستان لقمان هه‌یە، هه‌روه‌ها له 100 گوندی پارێزگاکه فێرکاریی زمانی کوردیمان دەستپێکرد".
ئیدریس دەڵێت "زارا چالاکترین ئه‌ندامی رێکخراوه‌که‌مان بوو که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵمان بوو، زۆر گرنگی به فێرکاریی زمانی کوردی له گونده‌کان ده‌دا". باس له‌و رۆژه ده‌کات که لەگه‌ڵ زارا دەستگیرکراون و ده‌ڵێت "رۆژی 22ی ئایاری 2019 له‌گه‌ڵ زارا و چه‌ند هاوڕێیه‌کی دیکه‌مان له ماڵی زارا خه‌ریکی نانخواردن بووین، که له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه من و زارا و هاورێیه‌کی دیکەمان به ناوی رێبوار مینبه‌ری، که ئه‌ویش ئه‌ندامی نۆژین بوو دەستگیرکراین".
دوای 6 رۆژ لێکۆڵینه‌وه ئیدریس و رێبوار ئازاد دەکرێن، به‌ڵام ئەوکات زارا 6 مانگ له ناوەندی ئه‌منی دەهێڵرێتەوە. ئیدریس منبه‌ری به ئاماژەدان به‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی دراونه‌ته پاڵ زارا ناڕاست بوون ده‌ڵێت: "ئێمه له‌لایه‌ن پارێزه‌ره‌که‌یه‌وه ئاگادارکرابووینه‌وه که سزایەکی لەوشێوەیە نادرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه بۆ چاوترسێنکردنی چالاکڤانان ئه‌م سزایە درا". گوتەبێژی ناوەندی نۆژین هاوشێوەی هاوژینەکەی زارا و پارێزەرەکەی داوای چاوخشاندنەوە و هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی زارا دەکات.
سۆما پوورمحه‌ممه‌دی، هاوڕێی نزیکی زارا محه‌ممه‌دی و به‌رپرسی پێشووی ریکخراوی نۆژین به ئاماژەدان به‌وه‌ی له‌ماوه‌ی کارکردنیاندا ناوه‌نده به‌رپرسیاره‌کان وه‌کو قایمقامیه‌تی سنه و پارێزگاری کوردستان کۆسپی زۆریان خستووەته به‌رده‌میان و بۆ هه‌ر به‌رنامه و کۆبوونه‌وه‌یه‌ک دەبوو 3 مانگ چاوه‌ڕوانی رێگه پێدانیان بکردایه. ده‌ڵێت: "سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی نۆژین جگه له هه‌وڵ بۆ فێرکاریی زمانی کوردی، هیچ چالاکییه‌کی دیکەمان نه‌بوو". سۆما بهئاماژەدان به سزای 10 ساڵ زیندانیکردن بۆ هاوڕێکه‌یان دەڵێت "ئه‌م هه‌وڵه ته‌نیا دەتوانرێت ناوی رێگرتن لە فێرکاریی زمانی دایک بێت و هیچی دیکە نا".