حدکا: کۆماری ئیسلامی بەدرووستکردنی گوشار دەیەوێت گشتپرسی نەکرێت
رووداو- هەولێر
حەمە ساڵح قادری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ماوەی دوو ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران لەزۆربەی شارەکانی رۆژهەلاتی کوردستان دەستی کردووە بە چەکدارکردنی بەشێک لە خەڵکی رۆژهەڵات و سەدان هێزی جۆراوجۆری لەژێر ناوی جیاواز دروستکردووە.
هەروەها دەڵێت، ئێران دەیەوێت لەم رێگەیەوە گوشارێک لەسەر باشووری کوردستان دروستبکات تاوەکو رێگری لە گشتپرسی هەرێمی کوردستان بکات و مەترسی ئەوەش هەیە ئێران حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەکاریان بهێنێت بۆ پەکخستنی گشتپرسی.
دوای ئەوەی سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بڕیاریاندا لە 25-9-2017 گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە باشووری کوردستان ئەنجام بدرێت ، ئێران بەتووندی دژی وەساوەتەوە و لەو ماوەیەدا دەسەڵاتدارانی سیاسی و سەربازی ئەو وڵاتە زۆرترین لێدوانیان لەسەر ئەو پرسە داوە و دەڵێن: "ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان قبوڵ ناکەن".