دژی سەردانی مالیکی دەیان گەنجی هەڵەبجە خۆپیشاندانیان كرد
رووداو - هەڵەبجە
دژی سەردانی مالیکی دەیان گەنجی هەڵەبجە خۆپیشاندانیان كرد و رێگەیان نەدا ئەو سەركردە عێراقییە سەردانی شارەكەیان بكات.
رۆژی سێشەممە 19-7-2016 رێگە بە نووری مالکی، ئەمینداری حیزبی دەعوە و سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق نەدرا سەردانی پارێزگای هەڵەبجە بکات.
لە كاژێر 8ی سەر لە بەیانییەوە پارێزگار، قائیمقام و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی هەڵەبجە لە بەردەم مۆنیۆمێنتی شاردا بۆ پێشوازی مالیکی کۆبوونەوە، هاوکات هەر لە دەروازەی شارەکەدا بۆ نیشاندانی ناڕەزایی دژی چوونی نووری مالیکی گردبوونەوەیەک رێکخرا بەو هۆیەشەوە دەزگا ئەمنییەکان رێگریان کرد و سێ کەسیان دەستگیر کردن.
قائیمقامی هەڵەبجە رایگەیاند، نازانن هۆکاری پەشیمانبوونەوەی مالیكی چی بووە، لەکاتێکدا بەرپرسانی شارەکە دەوامیان جێهێشتووە و لە چاوەڕوانی هاتنیدا بوون.
سەرچاوەیەک بۆ رووداو دەڵی ماليکی زانیویەتی خەڵک پێشوازی ناکەن، بۆیە پەشیمانبووەتەوە.
ئەوانەی دژی چوونی مالیکی بوون بۆ هەڵەبجە دەڵێن، ناکرێت بەبڕیاری مالیکی مووچە و قووتی خەڵكی هەرێمی کوردستان و هەڵەبجە ببڕدرێت، کەچی چاوەڕێی ئەوەش بێت پێشوازی لێبکرێت.