رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دەڵێت، هێزەکانیان لە کارکردن لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن، بە ئامانجی دڵنیابوون لەوەی؛ جارێکی دیکە رێکخراوە پەڕگیرەکە خۆی رێکناخاتەوە.
شەوی رابردوو، پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا رایگەیاند، سەرنجی سەرەکیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەوەیە دڵنیا بن لەوەی جارێکی دیکە رێکخراوی داعش بەهێز نابێتەوە و لەگەڵ هاوپەیمانەکانیشیان لە ناوچەکە بۆ ئەو مەبەستە کاردەکەن.
پات رایدەر گوتی "بەردەوام دەبین لەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و هاوبەشەکانی دیکەمان لە ناوچەکە، لەنێویشیاندا پێشمەرگە لەبارەی هەڕەشەکانی داعش کاربکەین. ئەوەی پێویستە بیکەین ئەوەیە؛ دڵنیابین جارێکی دیکە ئەو گرووپە سەرهەڵناداتەوە وەک لە رابردوودا بینیمان و دڵنیاش ببینەوە کە هاوبەشەکانمان ئەو توانایەیان هەیە رێگە لە خۆڕێکخستنەوەی داعش بگرن و لە شکستی یەکجارەکیی داعشیش دڵنیا ببنەوە."
لە سەرەتای مانگی نیسان، لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەغدا کۆبوونەوە و جەختیان لە بەردەوامیی کاری لیژنەی لاوەکییەکان کردەوە. گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەو کات رایگەیاند، لە داهاتوودا سرووشتی پەیوەندیی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و عێراق دەگۆڕدرێت بۆ هاوبەشییەکی ئەمنیی دووقۆڵیی نێوان عێراق و ئەمریکا.
گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، کۆبوونەوەکان بەردەوامن و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا لیژنەی باڵا کۆدەبنەوە.
پات رایدەر گوتیشی "کارەکانی لیژنە لاوەکییەکانی تایبەت بە لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمریکا و عێراق بەردەوامن و کۆبوونەوەکانیش بەردەوامن. بەگوێرەی تێگەیشتنەکانم، رێککەوتنێکی سەرەتایی هەیە کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا لیژنەی باڵا کۆدەبنەوە و تێیدا فەرماندە باڵاکانی هاوپەیمانان نوێترین زانیاری لەبارەی ئەرک و کارەکانی لیژنە لاوەکییەکانیان پێدەدرێت. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی هەڕەشەکانی ئێستای داعش، هەروەها دۆخی کارکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان و توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراقە."
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن ئاماژەی بە پێویستی پێکەوە کارکردنی هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە بۆ لەنێوبردنی هەڕەشەکانی داعش دەکات و دەڵێت: "هێزە ئەمنییەکانی عێراق، پێشمەرگەشی لەگەڵ بێت، کاریگەرییەکی زۆریان لە لاوازکردنی توانای داعش بۆ ئەنجامدانی هەر جووڵەیەک، بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو کردووە، ئەوەش بەڵگەی راستەقینەی توانا و کارایی ئەو هێزانەیە کە پێکەوە لە ناوچەکە کار دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ