وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ رووداو: 130 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا 130 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە و 'وەرگرتن بەبێ هیچ گرفتێکیش بەردەوامە.'
حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی چوارشەممە (19-6-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند تاوەکو ئێستا 5 ملیۆن تۆن گەنمی جووتیاران لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەرگیراوە.
سەبارەت بە شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، گەرعاوی دەڵێت "تاوەکو ئێستا 26 ملیار دیناری شایستەی دارایی جووتیاران بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە. شایستەی هەموو جووتیاران خەرج دەکرێت."
رۆژی 12-06-2024، رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستان تاوەکو 45 رۆژ بەردەوام دەبێت."
حکومەتی عێراق ئەمساڵ 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت؛ هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینارە.
بەگوێرەی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم لەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن؛ لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت.
بەگوێرەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت کە زۆرترینە لە مێژووی وڵاتەکەدا.