بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا ئاگر لە سنووری دوو گوندی ئامێدی کەوتووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە، ئاگر لە زەویی گوندەکانی کانێ و سگێرێ لە بناری چیای مەتین لە ئامێدی کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.
 
نزار سەرگەلی، موختاری گوند بە رووداوی گوت، ئاگرەکە لەدوای نیوەڕۆی دوێنێوە کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە. بەهۆیەوە سەدان داری دارستان و نێو باخی هاونیشتمانییان لەو دوو گوندە سووتاون.
 
بە گوتەی ئەو موختارە، ناوچەکە شاخاوییە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە ئاسان نییە، دانیشتووانی ئەو گوندانە لە هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، چونکە تیمەکانی بەرگریی شارستانی ناتوانن بچنە ئەو ناوچانە.
 
دوو ساڵە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی تورکیا و جێگیرکردنی هێزەکانی لە سنووری سگێرێ لە ئامێدی، بەردەوام شەڕ و ئاڵۆزی لەو سنوورە هەیە. تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەو شەڕەوە شەش جار ئاگر لە زەویی ئەو گوندانە کەوتووەتەوە.