وەزارەتی ناوخۆ: کەسوکاری 21 بێسەروشوێنی بەلەمەکەی ئیتاڵیا پەیوەندییان پێوەکردووین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 21 کەس لەوانەی لە بەلەمە نقومبووەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا بێسەروشوێن بوون و خەڵكی ئیدارەی راپەڕین و سۆران و هەولێرن، کەسوکارەکانیان پەیوەندییان بە حکومەتی کوردستانەوە کردووە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان (JCC) کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە لەبارەی ئەو کەسانەی لە بەلەمە نقومبووەکەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا خنکاون و بێسەروشوێن بوون، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ناوەندەکەمان هێڵی گەرمی بۆ وەرگرتنی زانیاریی تەواو لەسەر ئەو کەسانەی لەناو یەختەکەدا بوون و هاوکاری پێویست، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دامەزراوەکانی دیکە تەرخانکردووە".
ناوەندەکە ئاماژەی بەوەداوە، لە پەیوەندیی بەردەوامدان بۆ کۆکردنەوەی داتا و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکە، تاوەکو ئێستا 21 هاونیشتمانی دەستنیشانکراون و وەکو بێسەروشوێن تۆمارکراون، 9 کەسیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن، 11یان لە سنووری پارێزگای هەولێرن، کەسێکیشیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان داوا لەو کەسانە دەکات زانیارییان لایە دەربارەی کەسوکاری قوربانییان، یان رزگاربووان، یان هەر زانیارییەکیان لەبارەی بابەتەکەوە هەیە، پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنانەی خوارەوە بکەن، بۆ ئەوەی ئاسانکارییان پێشکەش بکەن:
لە راگەیێندراوەکەدا، ناوەندەکە داوایەکیش لە خێزان و کەسوکاری سەرنشینانی بەلەمەکە دەکات و دەڵێت، "باوەڕ بەهیچ لایەنێکی نافەرمی لە دەرەوەی حکومەت نەکەن و رێگەنەدەن هیچ لایەنێک بەلاڕێیان ببات، حکومەتی ئیتاڵیا تەنیا زانیاری لە لایەنی فەرمی وەردەگرێت بەمەبەستی پێشکێشکردنی ئاسانکاری کە حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، تەنیا لەڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیتاڵیاوە. هەرکەسێک کەسوکاری لەناو یەختەکەدایە و تائێستا پەیوەندی نەکردووە، تکایە پەیوەندی بەو هێڵانەوە بکەن تاوەکو ئاسانکاری تەواوتان بۆ بکرێت".
00964 0750 803 5680
00964 0771 449 0202
لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە 17 و 18ـی حوزەیران، دوو بەلەم لە کەناراوەکانی باشووری ئیتاڵیا نقومبوون و ژمارەیەک هاونیشتمانی خنکاون و ژمارەیەکیان بێسەروشوێنن. خاچی سووری ئیتاڵی لە رێگەی ئیمەیلەوە وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی لەوبارەوە داوەتەوە و دەڵێت، هۆکاری نقوومبوونی یەکێک لە بەلەمەکان کە بەرەو دوورگەی رۆچێلا رۆیشتووە، گڕگرتنی بزووێنەرەکەی بووە، کە دواتر تەقیوەتەوە.