ئەمساڵ لە هەولێر قوربانیکردن 45٪ کەمیکردووە

رووداو دیجیتاڵ
  
بەپێی ئامارەکانی کوشتارگەی هاوچەرخیی هەولێر، ئەمساڵ بەراورد بە پار، سەربڕینی ئاژەڵ لە رۆژانی جەژنی قوربانی ئەمساڵ زیاتر لە 45٪کەمیکردووە، ئەمساڵ 844 سەر ئاژەڵ کەمتر لەساڵی رابردوو سەربڕاون.
 
بەپێی ئامارەکانی کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە چوار رۆژی جەژندا هەزار و 28 ئاژەڵ (269 ئاژەڵی گەورە و 759 ئاژەڵی بچووک) سەربڕدراون.
 
سەربڕینی ئاژەڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر لە 45٪ کەمی کردووە. ساڵی رابردوو لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا هەزار و 872 ئاژەڵ (513 ئاژەڵی گەورە و 1359 ئاژەڵی بچووک) سەربڕدراون.
 
ئەو ئاژەڵانەی ئەمساڵ لە کوشتارگەی هەولێر سەربڕدراون بۆ قوربانیکردن، 29٪ی ئەو ئاژەڵانەن کە لە 2022دا سەربڕدراون، لە ساڵی 2022دا 3 هەزار و 475 ئاژەڵ (623 ئاژەڵی گەورە و 2852 ئاژەڵی بچووک) سەربڕدرابوون.
 
کوشتارگەی هەولێر ئاماری ئەو گۆشتەشی بڵاوکردووەتەوە کە لە پشکنین دەرنەچووە:
 
ساڵی 2024: 1 تۆن و 676 کیلۆگرام
ساڵی 2023: 2 تۆن و 26 کیلۆگرام
ساڵی 2022: 3 تۆن و 432 کیلۆگرام
 
مامۆستا عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تێبینیمانکردووە خەڵک ئەمساڵ کەمتر قوربانی کردووە، هۆکارەکەشی تەنیا گرانیی نرخی ئاژەڵە".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سێ رۆژی رابردووی جەژنی قورباندا زیاتر لە دوو هەزار و 300 سەر ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان بۆ قوربانی سەربڕدراون کە زۆرترینیان لە سلێمانی بوون، پاشان هەولێر، ئینجا هەڵەبجە و دهۆک. ئەو ئامارە تەنیا ئەو ئاژەڵانەیە براونەتە سەربڕخانەکان بۆ قوربانی؛ لە دەرەوەی سەربڕخانەکان و لە گوندەکان زیاتر لەو ژمارەیە کراونەتە قوربانی.