کوردستان
تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی بۆ سەرنشینەکانی بەلەمی یەکەم کردووە و چارەنووسی 19 هاونیشتمانی دیار نییە.
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی خاچی سووری ئیتاڵیا بە رووداوی راگەیاند، 75 کەس لە سەرنشینانی ئەو دوو بەلەمە گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێنن کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە دەریای نێوەڕاست تێکشکان. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، 19 کەس لەوان کوردی دانیشتووی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوون.
مانەوە لەنێو دەریادا بۆ چوار رۆژ
کۆچبەرەکان لەنێو دوو بەلەم بوون. یەکێک لەوان هەشت رۆژ لەمەوبەر لە تورکیاوە بەڕێکەوتبوو و 76 کۆچبەری تێدا بوو و زیاتر لە 70 کەسیان خەڵکی باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، رۆژهەڵاتی کوردستان، عێراق، ئێران و سووریا بوون.
مارکۆ ئۆتاڤیانی، بەرپرسی کاروباری میدیا لە رێکخراوی خاچی سووری ئیتاڵیا ئەمڕۆ چوارشەممە 19-6-2024 لە رێگەی ئیمەیڵەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەلەمەکە 193 کیلۆمەتر دوور لە کەناری دەریا لە سنووری شارۆچکەی رۆچێلا یۆنیکای ئیتاڵیا تێکشکاوە و تەنیا 11 کەسیان رزگاریان بووە.
ئۆتاڤیانی بە رووداوی گوت، وا دیارە ماتۆڕی بەلەمەکە تەقیوەتەوە.
کۆنسیتا جیۆفری، کارمەندێکی رێکخراوی خاچی سووری ئیتاڵیایە کە لە بەندەری رۆچێلا یۆنیکا چارەسەری سەرەتایی بۆ 11 رزگاربووەکە کردووە و دەڵێت: "ئەو 11 کەسەی گەیشتنە ئێرە (ئیتاڵیا) چەند ئەندامێکی جەستەیان شکابوو. ئەوان رووبەڕووی وشکبوونەوەی پێست ببوون".
کۆنسیتا دەڵێت، "هەموویان حەپەسا بوون و ئاماژەی روونی سووتاویان پێوە دیار بوو. هیچ وشەیەکم نییە بۆ پێناسەکردنی دۆخی ئەو کۆچبەرانەی گەیێندرانە بەندەرەکە".
روئیا محیەدینی، هاونیشتمانییەکی تەمەن 19 ساڵی رزگاربووە و دەڵێت، قاچاخچییەکان فێڵیان لێ کردوون. روئیا دەڵێت، "قاچاخچییەکان داوایان لێکردین هیچ خواردنێک لەگەڵ خۆمان نەبەین، چونکە هەموو پێداویستییەک لەنێو بەلەمەکەدا هەیە. ئەوەی کە هەبوو لەنێوان خۆماندا بەشمان کرد. ئیدی هیچ شتێک لەنێو بەلەمەکەدا نەما؛ نە ئاو و نە خواردن و نە هیچ شتێکی دیکە".
لەبارەی ئەوەی لە بەلەمەکە چی روویداوە، روئیا دەڵێت، کاپتنەکە هەوڵیدا سندووقێکی پڕ لە پێداویستی دەربێنێت، بەڵام لەو کاتەدا تەقینەوەیەک روویدا و کونێک بووە بەلەمەکە.
لە ئەنجامی ئەو کونە، بەلەمەکە نوقم بوو و هەر 76 کەسەکەی نێوی کەوتنە نێو دەریاوە. کچە کوردە تەمەن 19 ساڵانەکە دەڵێت، "چوار رۆژ لەنێو ئاوەکەدا ماینەوە و کەس بە هانامانەوە نەهات. دوو تاوەکو سێ بەلەم تێپەڕین کە زۆر نزیکبوون لێمانەوە. زۆر هاوارمان کرد کە یارمەتیمان بدەن، بەڵام گوێیان نەدا و تێپەڕین".
روئیا گوتی، "ئەگەر ئەو بەلەمە فەرەنسییە نەبووایە کە فریامان کەوت، ئێستا هیچ کاممان لێرە (لە بەندەرەکە ئیتاڵیا) نەبووین".
هەڵمەتی گەڕان لەنێو دەریادا بۆ ئەو کەسانەی لەنێو ئەو بەلەمەدا بوون رۆژی یەکشەممە 16-6-2024 دەستیپێکرد.
لە هەمان کاتدا بەلەمێکی دیکەی تێکشکاو لەنێو دەریای نێوەڕاست نزیک لە دوورگەی لامپەدوسای ئیتاڵیا دۆزرایەوە، بەڵام ئەوان بەختێکی باشتریان هەبوو و 51 کۆچبەر لەلایەن رێکخراوێکی ناحکومییەوە رزگارکران.
مارکۆ ئۆتاڤیانی، بەرپرسی کاروباری میدیا لە رێکخراوی خاچی سووری ئیتاڵیا رۆژی چوارشەممە 19-6-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رێکخراوێکی ناحکومی گەیشتبووە شوێنی تێکشکاندنی بەلەمەکە لەنێو دەریادا و 54 کۆچبەری رزگارکرد و 10 کۆچبەریش بە مردوویی دۆزرانەوە".
ئەو بەلەمە لە ئیتاڵیاوە بەڕێکەوتبوو و ئەو رێکخراوە ناحکومییەش کە ئۆتاڤیانی باسی دەکات ئەڵمانییە و دەڵێت، مردووکان وڵاتینامەی سووریا، بەنگلادیش، پاکستان و میسریان پێ بووە.
19 هاونیشتمانی لەنێو بەلەمی یەکەمدا بوون
تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی بۆ سەرنشینەکانی بەلەمی یەکەم کردووە و چارەنووسی 19 هاونیشتمانی دیار نییە.
هاونیشتمانییەک بەناوی حاجی وەرتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەنێو بەلەمەکەدا دوو ئامۆزای من و دوو منداڵیان هەبوون و چارەنووسیان نادیارە".
هەژار مەولوود و سازگار عوسمانی هاوژینی و هەردوو منداڵەکەیان بەناوەکانی مەروان و محەممەد، کەسوکاری حاجی وەرتین و لەنێو بەلەمەکەدا بوون.
هەروەها حەسەن مەلا نەبی، برای یەکێک لەو کەسانەی وەک خۆی دەڵێت لە بەلەمەکەدا بووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خوشکەکەم ناوی خونچەیە، زاواکەمان ناوی ئارام عەبدولڕەحمانە و دوو کچەکەیان بە ناوەکانی مەنسا و مەیلی لەنێو بەلەمەکەدا بوون".
حەسەن مەلا نەبی دەڵێت، خوشکەکەی دووگیان بوو و مانگی داهاتوو منداڵی دەبوو و ئاماژەی بەوەشکرد، قاچاخچییەکەیان کوردە.
ئەو خێزانە لە مانگی 11ـی ساڵی 2023ـەوە لە تورکیا بوون و چەند جارێک ویستبوویان بە بەلەم بچنە ئەورووپا، بەڵام بەهۆی شەپۆلی دەریاوە چوونیان دواخستبوو. هەردوو خێزانەکە خەڵکی سنووری ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانین.
11 هاونیشتمانیی دیکەی نێو بەلەمەکەش خەڵکی سنووری پارێزگای هەولێرن. بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە کەسوکاری بێسەروشوێنەکان وەریگرتووە، ئەو 11 کەسە دوو خێزانن و ناسنامەکەیان بەمشێوەیەیە: رێبوار کەمال و هێرۆ عومەر، هەروەها منداڵەکانیان بەناوی لاوین، لارین و لۆڤان. خێزانەکەی دیکەش بریتین لە عەبدولقادر ئەحمەد و موژدە عومەر، هەروەها منداڵەکانیان بە ناوەکانی میران، مەیلان، ماردین و میروان.
بەختیار ئیسماعیل، کەسوکاری هەشت لە کۆچبەرە خنکاوەکانە، ئەمڕۆ چوارشەممە لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد عیزەدین پێشکێشی کرد رایگەیاند، ''کەسوکاری ئێمە 11 کەس بوون لە دوو خێزاندا و لە شاری بۆدرۆمی تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوون؛ تاوەکو رۆژی چوارشەممەی رابردوو پەیوەندیمان پێیانەوە هەبوو، بەڵام دواتر پەیوەندیمان لەگەڵیان پچڕا".
بەختیار ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا تەرمی هەشت کەسیان دۆزراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ