جووتیارێکی سنووری کەرکووک: ئاگرکەوتنەوە زیانی 30 هەزار دۆلاری پێگەیاندووم
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری کەرکووک بەهۆی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە زیانی زۆر بەر زەوی و کەرەستەی کشتوکاڵی جووتیاران کەوتووە. جووتیارێک دەڵێت، بایی 30 هەزار دۆلار زیانی کردووە و بەرگریی شارستانی کەرکووکیش ئاماژە بەوە دەکات، "لە هەندێ شوێن جووتیاران خۆیان زەوییەکانیان بۆ چاندنی وەرزی دەسووتێنن".
بەشێک لە جووتیارانی سنووری کەرکووک زیاتر لە 40 دۆنم زەوییان لە دوایین ئاگرکەوتنەوەدا سووتاوە، بەڵام زیانەکانیان لە سووتانی پەرێز و دەخڵودانەکەدا نییە، هێندەی لە سووتانی بۆری ئاودان و سیستمی کارەبای وزەی خۆری سەر زەوییەکەیاندایە.
رێکار عەلی یەکێکە لەو جووتیارانەی لە گوندی یارمجەی سەر بە ناحیەی پردێ، کە بەگوتەی خۆی بەهۆی دوایین ئاگر کەوتنەوە زیانی زیاتر لە 30 هەزار دۆلاری بەرکەوتووە.
ئەو دەڵێت، "هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە، بەڵام خێرایی با هۆکار بووە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵ نەکرێت".
رێکار عەلی باس لەوەش دەکات، "زەرەر و زیانەکانمان بۆری و لەگەڵ ئەم سیستمی کارەبای وزەی خۆرە بوو، بەڵام شتەکە یەکەم قەدەری خودا بووە، خودا هێناویێتی و ناگەڕێتەوە، دوای ئەوەش کەمتەرخەمی خەڵکەکە، هەروەها کەمتەرخەمی تیمەکانی کارەبا، ئەو تەلانەی دەیبینی هەمووی شل بوونەتەوە".
جووتیاران زیانەکانیان زۆرن، بەو پێیەی دەڵێن، لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا تیمی ئاگر کوژێنەوە بەزوویی فریایان نەکەوتوون.