رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری کەرکووک بەهۆی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە زیانی زۆر بەر زەوی و کەرەستەی کشتوکاڵی جووتیاران کەوتووە. جووتیارێک دەڵێت، بایی 30 هەزار دۆلار زیانی کردووە و بەرگریی شارستانی کەرکووکیش ئاماژە بەوە دەکات، "لە هەندێ شوێن جووتیاران خۆیان زەوییەکانیان بۆ چاندنی وەرزی دەسووتێنن".
بەشێک لە جووتیارانی سنووری کەرکووک زیاتر لە 40 دۆنم زەوییان لە دوایین ئاگرکەوتنەوەدا سووتاوە، بەڵام زیانەکانیان لە سووتانی پەرێز و دەخڵودانەکەدا نییە، هێندەی لە سووتانی بۆری ئاودان و سیستمی کارەبای وزەی خۆری سەر زەوییەکەیاندایە.
رێکار عەلی یەکێکە لەو جووتیارانەی لە گوندی یارمجەی سەر بە ناحیەی پردێ، کە بەگوتەی خۆی بەهۆی دوایین ئاگر کەوتنەوە زیانی زیاتر لە 30 هەزار دۆلاری بەرکەوتووە.
ئەو دەڵێت، "هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە، بەڵام خێرایی با هۆکار بووە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵ نەکرێت".
رێکار عەلی باس لەوەش دەکات، "زەرەر و زیانەکانمان بۆری و لەگەڵ ئەم سیستمی کارەبای وزەی خۆرە بوو، بەڵام شتەکە یەکەم قەدەری خودا بووە، خودا هێناویێتی و ناگەڕێتەوە، دوای ئەوەش کەمتەرخەمی خەڵکەکە، هەروەها کەمتەرخەمی تیمەکانی کارەبا، ئەو تەلانەی دەیبینی هەمووی شل بوونەتەوە".
جووتیاران زیانەکانیان زۆرن، بەو پێیەی دەڵێن، لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا تیمی ئاگر کوژێنەوە بەزوویی فریایان نەکەوتوون.
پشدەر نامیق، جووتیارێکی زیانلێکەوتووە لە سنووری کەرکووک و دەڵێت، "خەڵکی ئەم سێ گوندە، بیرەسپان و قادر باغر و یارمجە زیانی زۆریان پێگەیشت، داوامان لە حکومەت ئەوەیە قەرەبوومان بکاتەوە".
ئیدارەی ناحیەی پردێ بە نووسراوی فەرمی داوای دروستکردنی لیژنەیەکی لە پارێزگای کەرکووک کردووە، تاوەکو زیانەکان بخەمڵێنن و قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکەنەوە.
رائید قەیس عەبدلرەزاق، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تیمەکانی ئێمە لەگەڵ لیژنەکان بەردەوام دەبن، سەبارەت بەوەی پردێ، دراوەتە پۆلیسی لێکۆڵینەوەی تاوان تا لێکۆڵینەوەی تێدابکەن، بەڵام دەزانین لە زۆر جێگە جووتیار خۆیان زەوییەکان دەسووتێنن، تاوەکو کشتوکاڵی وەرزی تێدابکەن، کە رەشەبا دێت لەدەست دەردەچێت، خۆیان کەمتەرخەمن بە سووتاندن".
بەپێی خەمڵاندنی جووتیارانی سنوری پردێ لەو ئاگرەی رۆژی 9ی ئەم مانگە کەوتەوە، زەوی زیاتر لە 10 گوندی سنوورەکەی گرتەوە، بەپانتایی نزیکەی 3 هەزار دۆنم زەوی لە پەرێز و بەشێک لە گەنمی چێندراو و باخ و پووشوپاوان سووتاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ