بوومەلەرزەیەک لەسەر سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا

رووداو دیجیتاڵ
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک لە باکووری رۆژهەڵاتی قەزای رانیە لە ئیدارەی راپەڕین روویدا، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت، گوڕی بوومەلەرزەکە کەم بووە و خەڵکی ناوچەکە هەستیان پێنەکردووە.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 9:23ــی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2024، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.3 پلە بە پێوەری رێختەر و بە دووری 36 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی قەزای رانیە لە نزیک سنووری عێراق و ئێران لە پارێزگای سلێمانی روویدا."
 
بەگوتەی عامر جابری، بوومەلەرزەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبووە و هاووڵاتیانی سنوورەکەش هەستیان پێنەکردووە.
 
بەپێی راپۆرتێکی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، مانگی ئایاری ئەمساڵ 19 بوومەلەرزە لەلایەن دەستەکە تۆمارکراون، شەشیان لەنێو خاکی عێراق بوون، شەشیان لەنێو خاکی تورکیا و  شەشیان لە ئێران بوون، ئەوەی دیکەشیان لە سووریا بووە، گوڕی بوومەلەرزەکان لەنێوان 1.9 تاوەکو 4 پلە بە پێوەری رێختەر بووە و قوڵاییەکانیان لەنێوان 5 بۆ 30 کیلۆمەتر بووە.