رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 12 رۆژە سەنتەری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش ئاوی نیشتمانییان پێ نەدراوە، هەموو ساڵێکیش لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئەم کێشەیە دووبارەدەبێتەوە.
هۆکاری کێشەکە، کەمبوونەوەی 60 هەزار مەترسێجا ئاوی رۆژانەیە بۆ نیوە، بۆیە نزیکەی 200 هەزار کەس بێ ئاوبوون، کە بەشێکیان تەنانەت ناتوانن ئاویش بکڕن.
ئەحمەد جوامێر، یەکێکە لەوانەی توانای کڕینی ئاوی نییە، چونکە بە ماتۆڕێکی سێ تایی حەماڵی دەکات، ناتوانێت بژێوی ژیانیشی بە باشی دابینبکات، دەڵێت: پارەم پێ نییە، بۆیە، بەناچاری خۆم دەبەیەک ئاو دەکەمە نێو ماتۆڕەکەوە و دەچم بۆ پڕۆژەی تەنکیی ئاوەکە، دەبەیەک ئاو دەهێنم.
هەر تەنکەرێک ئاو بە 15 هەزار دینارە، باوان کەمال، شۆفێری تانکەری ئاوە و باس لەوە دەکات، خەڵک زۆر پەیوەندیی پێوە دەکەن داوای ئاو دەکەن، هەندێکیشیان پارەیان پێ نییە، بۆیە داوای یەک بەرمیل دەکەن.
بێ ئاوی، تەنگی بە دانیشتووانەکەی هەڵچنیوە، چونکە ناتوانن پاکوخاوێنی خۆیان رابگرن، عارف فەتحوڵڵا، دەڵێت، 'ئاو نەبێت چی بکەین؟ پاک و پیسی هەر بە ئاو پاکدەبێتەوە."
ئەگەر لە ئاسمانەوە تەماشای چەمچەماڵ بکەیت، هەر ماڵێک چەند بەرمیلێکی گەورەی داناوە، بەڵام لە هاویناندا کەمجار دەتوانن پڕیان بکەن، چونکە بە گوتەی سەرتیپ گوڵەدین کاتێک ئاو دێت، نیوەی تەنکییە 25 بەرمیلییەکەیان پڕناکات.
حەسەن خورشید و دیار عەبدولخالق دراوسێی یەکدین و بەیەکەوە دوو تانکەر ئاویان کڕیوە، دەڵێن، هەموو هاوینێک دەبێت هەفتانە یەک یان دوو تانکەر ئاو بکڕین "وامان لێ هاتووە، لە هاونیدا کۆچ بۆ شارەکانی دیکە بکەین و زستان بگەڕێینەوە."
چارەسەری بنەڕەتی؛ تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە چەمچەماڵە، کە لەمانگی نیسانی 2022ـوەوە فەرمانی دروستکردنی هەیە و نەکراوە، تەواوکردنیشی سێ ساڵی پێویستە.
رەمک رەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ، پەیامێکی بڵاوکردەوە، بەگوتەی خۆی هاوارنامەیەکە بۆ 2000 هەزار هاونیشتمانی کە بێ ئاون.
جگە لە چارەسەرە درێژخایەنەکە سێ چارەسەری کورتخایەنیشی باسکرد، لە هێڵی دووی دوکان تاسڵوجە سلێمانییەوە ئاو زیاتر بنێردرێت، هەروەها پڕۆژەی ئەحمەد ئیسماعیل بەگەڕبخرێتەوە و ئاو بنێرێت، هاوکات سیستمی ئاو بە تانکەر دابینبکرێت، بەتایبەت بۆ گەڕەکەکانی چەرمۆسیتی و ئاسوودە و راپەڕین.
پاش بانگەوازەکەی قائیمقامی چەمچەماڵ، لە نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک بۆ ئەو کێشەیە کرا و بەڵێندرا هەر سێ داواکارییەکەیان بۆ جێبەجێبکرێت، کە چارەسەری کورتخایەنن.
بە هەر کۆڵانێکی چەمچەماڵدا بڕۆیت، لەسەر بەشێکی دیوارەکان ژمارە مۆبایلی تانکەرێکی ئاو نووسراوە، کە دەرخەری کێشەی کەمئاوییە، بۆ چارەسەری کێشەکەش، تەنیا لە حەوت ساڵی رابردوودا نزیکەی 100 نووسراو لە قائیمقامییەتی چەمچەماڵەوە بۆ چارەسەری کێشەکە ئاراستەی هەموو لایەنەکان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکە هەروەک خۆیەتی و بێ ئەنجامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ