سێیەم حاجیی خەڵکی سنە لە مەککە گیانی لەدەستدا

19-06-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حاجییەکی تەمەن 73 ساڵەی خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مەککە گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی چوارشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2024، کاوە شێرزادی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی حەجی پارێزگای سنە رایگەیاند: "حاجییەکی خەڵکی سنە دوای بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، لە مەککە بەهۆی وەستانی دڵەوە گیانی لەدەستداوە".
 
کاوە شێرزادی دەڵێت: "حاجییەکە ناوی عەبدوڵڵا ئەحمەدی، خەڵکی شاری سنە و تەمەنی 73 ساڵە؛ رۆژی سێشەممە بەهۆی وەستانی دڵەوە لە مەککە گیانی لەدەستداوە". 
 
لە رۆژانی رابردوویشدا دوو حاجیی دیکەی خەڵکی پارێزگای سنە لە مەککە گیانیان لەدەستدابوو.
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی حەجی پارێزگای سنە دەڵێت، رۆژی 15ـی حوزەیران، ژنێکی 80 ساڵە بەناوی عەزیزە ناسریی خەڵکی شاری سنە لە کێوی عەرەفە گیانی لەدەستدا؛ رۆژی دووشەممەش هاونیشتمانییەک بە ناوی فازڵ سادقی، خەڵکی بانە و تەمەن 51 ساڵ لە مەککە گیانی لەدەستدا.
 
کاوە شێرزادی گوتی: "بە هەماهەنگی خێزانەکانیان، تەرمی ئەو سێ حاجییەی خەڵکی پارێزگاکە لە شاری مەککە بە خاک سپێردراوە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی حەجی پارێزگای سنە، ئەم ساڵ 1145 زیارەتکار لەو پارێزگایەوە چوونەتە حەج کە 608 کەسیان ژن و 537 کەسیان پیاون؛ راشیگەیاند، ئەم ساڵ گەنجترین حاجی پارێزگای سنە 16 ساڵ و بەتەمەنترینیان 112 ساڵ بووە.
 
ئەم ساڵ زیاتر 87 هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونەتە سعودیە. 
 
هاوکات، سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێرانی گیانلەدەستدانی 11 حاجیی خەڵکی وڵاتەکەی راگەیاند.
 
پیرحوسێن کولیڤەند، سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری ئێرانی رایگەیاند: "11 حاجیی ئێرانی لە سعودیە و لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان گیانیان لە دەستداوە"، هەروەها 26 حاجیش نەخۆش کەوتوون و لە نەخۆشخانەکانی سعودیە خەوێندراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە