گەشتیاران بۆ بینینی وەرزەکانی ساڵ لە یەک کاتدا روودەکەنە چیای ئاگری

رووداو دیجیتاڵ

لە بنارەکەی هاوینە، نێوەڕاستەکەی بەهار و، لووتکەکەشی زستانێکی بەفرین؛ ئەمە ناونیشانی چیای ئاگرییە لە پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان.
 
گرووپێکی شاخەوانی و گەشتیاران بۆ بینی ئەو جیاوازییە رێگەی لووتکەی چیاکەیان گرتەبەر. یەکێک لە ئەندامانی گرووپەکە بەناوی بورجو ساڵان دەڵێ "چیایەکی زۆر بەهەیبەتە. وەک ئەوەیە چوار وەرز ببینیت." 
 
گەشتیاران بە گرووپ چوونەتە ئاگری، دەڵێن، لە کەشێکی زۆر دڵڕفێندان و لە کاتی ژەمەکاندا خواردنی جۆراوجۆر پێشکێش دەکرێت.
 
ئەحمەد قوڕت، رێبەری گەشتیاری لە چیاکە دەڵێ "بەڕاستی نایابە و ئەم هاتنەمان دەیهێنا. بەتایبەتی لە جەژنی قورباندا زۆر تایبەتە، چونکە خەڵک لە زۆر وڵاتی دیکەوە هاتوون. هەروەها بەشێکیان لە شارە جیاوازەکانی تورکیاوە هاتوون." 
 
گەشتیارە بیانی و نێوخۆییەکانیش، لە بینینی ئەم دیمەن و کەشە، حەپەساون، بەشێک لەوان خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیان، بەڵام یەکەمجارە چیای ئاگری دەبینن.
 
مەبرو ئشک، گەشتیار دەڵێ "گوتمان خوایە ئێمە تائێستا ئەم بەهەشتەمان لەکیس چووە. هەستی پەشیمانیمان بۆ دروستبوو، بەڵام لەبری پەشیمانی، دەتوانین درێژە بەم گەشتانەمان بدەین کە پڕ لە جۆش و خرۆشن."
 
نزیکەی 180 خێوەت لە بەرزایی 5 هەزار مەتر بۆ گەشتیاران ئامادەکراون، شەو لە لووتکەی چیای ئاگری دەمێننەوە و پلان وایە چەند ساتێک رووناکییەکان خامۆش بکەن و سەیری ئەستێرەکان بکەن.