بەهۆی ئاگرە گەورەکەی شارباژێڕەوە نزیكەی 1000 دۆنم زەوی سووتاوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەو ئاگرەی لە نیوەڕۆی رۆژی یەكشەممەوە لە سنووری گوندەکانی شارباژێڕ كەوتووەتەوە بەردەوامە و تاوەكو ئێستا نزیكەی 1000 دۆنم زەوی سووتاوە، چەند كەسێكیش بە تۆمەتی خستنەوەی ئاگرەكە دەستگیر كراون.
عەمید هێمن كەمەرخان ئەفەندی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رۆژی دووشەممە 19-06-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرباری ئەوەی چەندین تیم و خەڵكی ناوچەكە لە هەوڵدان بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە، بەڵام هێشتا كۆنتڕۆڵ نەكراوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی گوتیشی، "ئاگرەكە لەپشت قەزای چوارتا كەوتووەتەوە، بەڵام دواتر تەشەنەی کردووە بۆ دەوروبەری گوندەكانی بانان، كەناروێ، سێونگ، كانی شوان، پیرێسك، نۆرەباب. تاوەكو ئێستا ئاگرەكە بەردەوامە و نزیكەی 1000 دۆنم زەوی سووتاوە و زیانێكی زۆری مادیی هەبووە."
سەبارەت بە هۆكاری کەوتنەوەی ئاگرەكە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی گوتی، "تاوەكو ئێستا هۆكارەكەی نەزانراوە، بەڵام بە تۆمەتی كەوتنەوەی ئاگرەكە چەند كەسێك دەستگیر كراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە."