ئاگرەکەی شارباژێڕ کۆنترۆڵ نەکراوە

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای شارباژێڕ دەڵێت، تاوەکو ئێستا ئاگرەکەی سنووری شارباژێڕ کۆنترۆڵ نەکراوە و بوونی مین و سەختیی ناوچەکەش، کاری تیمەکانی بەرگریی شارستانی زەحمەت کردووە.
 
شاهۆ عوسمان، قایمقامی قەزای شارباژێڕ ئەمڕۆ (دووشەممە، 19-6-2023) بە رادیۆی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە. ئەو ئاگرە لە دوای نیوەڕۆی دوێنێوە کەوتووەتەوە. تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیدان، بەڵام هێشتا بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە".
 
بەگوتەی قایمقامی شارباژێڕ، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی شارباژێڕ، پۆلیسی دارستان و ژینگە، بەرگریی شارستانیی ناحیەی سیوەیل و دانیشتووانی ناوچەکە، پێکەوە کاردەکەن و لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان.

 

 
لەبارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، شاهۆ عوسمان گوتی، لە بەیانی ئەمڕۆوە دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە و هەرکاتێك هەموو شت روون بووەوە، ئەنجامەکەی رادەگەیێنن.
 
لەبارەی زیانەکانی ئاگرەکەوە قایمقامی شارباژێڕ دەڵێت، "ئاگرەکە ناوچەیەکی بەرفراوانی سنووری شارباژێڕی گرتووەتەوە؛ بەشێکی ناوچەکە سەختە و ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە ناتوانن بگەنە هەموو شوێنێک؛ بەهۆی سەرقاڵییەکانی تایبەت بە کوژاندنەوەی ئاگرەکەوە، تاوەکو ئێستا بە وردی نازانرێت زیانەکان چین".
 
شاهۆ عوسمان جەختیشی کردەوە لەوەی، بوونی مین و سەختی شوێنەکە، ئەرکی تیمەکان و هاونیشتمانییانی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە زەحمەتتر کردووە.