چوارشەممە یەکەم رۆژی وەرزی هاوینە لە نیوەگۆی باكووری زەوی

رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی پێوانە فەلەكییەكان، رۆژی چوارشەممە، 21 ی حوزەیرانی 2023 كاژێر05:57ی ئێوارە بە كاتی هەولێر، دەستپێكی وەرزی هاوینە لە نیوەگۆی باكووری زەوی و دیاردەیەك روودەدات کە ناسراوە بە هەڵگەڕانەوەی هاوینە يان (Summer Solstice) كە تێیدا ماوەی رۆژ درێژ دەبێتەوە بۆ نزیكەی 15 كاژێر و شەویش كورت دەبێتەوە بۆ نزیكەی 9 كاژێر. 
 
تێكڕای درێژیی وەرزی هاوینی ئەمساڵ 93 رۆژ و 15 كاژێر و 52 خولەك دەبێت.
 
لەو رۆژەدا مەودای نێوان زەوی و خۆر زیاتر دەبێت و بەرەو زیاتریش دەچێت تاوەکو دەگاتە 'دوورترین خاڵ' یان (Aphelion) كە لە رۆژی 2023.7.4 دەگاتە 152 ملیۆن و 100 هەزار كیلۆمەتر.
 
هۆی گەرمداهاتنی نیوەگۆی زەوی سەرەڕای دووركەوتنەوەی لە خۆر، دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی خولانەوەی تەوەری زەوی کە بە رێژەی 23.5 پلە لارە لەسەر خولگەكەی بە دەوری خۆر و خزانی تیشكی ستوونی خۆر لە هێڵی كەمەرەیی زەوی بۆ خولگەی قڕژاڵ لە باكوور، هەر ئەم ستوونییەی تیشكی خۆر وادەكات پلەكانی گەرما لە نیوەگۆی باكوور زیاتر بێت و ماوەی مانەوی خۆر لە ئاسماندا دوور و درێژتر بێت، هاوکات خۆر بە بەردەوامی و بۆ ماوەی نزیكەی 6 مانگ لە ناوچەكانی جەمسەری بەستووی باكووردا ئاوا نەبێت.
 
لە هەمان كات و رۆژدا، لە نیوەگۆی باشوور، حاڵەتەكە بە تەواوی پێچەوانەیە، چونكە تیشكی خۆر سەردەكەوێت لە خولگەی كاوڕەوە بۆ هێڵی كەمەری زەوی، بەمەش بڕێكی كەمتر لە تیشكی خۆر بەبەر نیوەگۆی باشووری زەوی دەكەوێت، بۆیە لە نیوەگۆی باشوور ئەمە دەبێتە هەڵگەڕانەوەی زستانە (Winter Solstice )، واتە دەستپێكی زستانە لەو ناوچانەدا و لە هەمان كاتیشدا، تیشكی خۆر بۆ ماوەی شەش مانگ لە ئاسمانی كیشوەری بەستووی باشوور نابینرێت و دەبێتە شەوێكی شەش مانگیی دوور و درێژی بەردەوام.
 
لە كانوونی دووەمی ئەمساڵدا، زەوی لە نزیكترین خاڵ بوو لەگەڵ خۆر و ماوەی نێوانیان گەیشتبووە 147 ملیۆن و 100 كیلۆمەتر.