ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان باس لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرکردە زویربووەکانی بزووتنەوەکە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان هۆكاری نەبەستنی ‏دووەمین كۆنفرانسی بزووتنەوەكەیان ئاشكرا دەكات، ‏روونیشی دەكاتەوە رێكخەری بزووتنەوەكەیان بۆچی چووەتە وڵاتی سوێد.‏
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان رۆژی دووشەممە 19-6-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی ‏راگەیاند، هۆكاری نەبەستنی دووەمین كۆنفرانسی بزووتنەوەكەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ لە گفتوگۆدان لەگەڵ ئەو ئەندام‌ و ‏كەسانەی بە هەر هۆكارێك بێت، لە بزووتنەوەكە نیگەرانن ‌و دووركەوتوونەتەوە.
نزار مەحموود لەو بارەوە گوتی، "هەوڵەكانی گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە بۆ نێو گۆڕان ‌و گفتوگۆ لەگەڵ ‏كاك عوسمان حاجی مەحموود ‌و ناڕازییەكانی دیكە بەردەوامە ‌و هەوڵەكانیش ‏دڵخۆشكەرن. هۆكاری نەبەستنی دووەمین كۆنفرانسی بزووتنەوەكە هەر ‏ئەوەیە؛ نامانەوێ‌ بێ‌ ئەو برادەرانە كۆنفرانس بکەین، ئەگەرنا هەموو شتێكمان ‏ئامادەیە".‏
عوسمان حاجی محموود، پێشتر ئەندامی خانەی راپەڕاندانی بزووتنەوەی گۆڕان بوو و، دوای گیان لەدەستدانی نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەر و رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2017، لە گۆڕان دوورکەوتەوە. 
سەبارەت بە چوونە دەرەوەی عومەری سەید عەلی، رێكخەری كاربەڕێكەری ‏بزووتنەوەی گۆڕان، ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی، هۆكاری چوونە دەرەوەكە تەندروستییە ‌و پەیوەندی ‏بەوەوە نییە كە نیگەران بووبێت ‌و گوتیشی، "دوای وەرگرتنی چارەسەر، كاك ‏عومەر دەگەڕێتەوە سەر كارەكەی".‏
بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، دەبێت ئەو بزووتنەوەیە هەر دوو ساڵ جارێك ‏هەڵبژاردنی نێوخۆیی ‌و چوار ساڵ جارێكیش كۆنفرانسی نیشتمانی ببەستێت، ‏بەڵام دوای ماوەیەكی زۆر بەسەر بەستنی یەكەمین كۆنفرانسی نیشتمانیی ‏گۆڕان، هێشتا دیار نییە كەی بزووتنەوەكە دووەمین كۆنفرانسی دەبەسـتێت‌. ‏