د. جەمال کۆچەر: نابێت وەزیری وڵاتێکی فیدراڵی بڵێت بودجەی هەرێمێک نانێرین

19-06-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، ئەوان ئیدی 200 ملیار دینارەکەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نانێرن. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، نابێت وەزیرێکی وڵاتێکی فیدراڵی قسەی وا بکات، قسەکانی زیاتر بابەتێکی سیاسین تاوەکو ئەوەی بابەتێکی ئابووری بن.
 
رۆژی شەممە 18ی حوزەیرانی 2022 عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ "عێراق ئۆیڵ ریپۆرت" باسی شایستە داراییەکان و پشکی هەرێمی کوردستانی کرد کە دەبێت بەغدا مانگانە 200 ملیار دینار بداتە هەولێر.
 
عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵیی عێراق رێکنەکەوێت، لە یاسای بودجەدا پشکی نابێت. ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق تایبەت بە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان رێگە بە حکومەتی عێراق نادات پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیدا تەرخان بکات.
 
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "قسەکانی وەزیری دارایی عێراق زیاتر بابەتێکی سیاسین تاوەکو ئەوەی بابەتێکی ئابووری بن، چونکە ناکرێت وەزیری دارایی حکومەتێکی فیدراڵی، نەک ناوەندی، بڵێت بودجەی هەرێمێک نانێرین."
 
بودجە دوو بەشە، بەشێکی بەگەڕخستنە کە بە ژیانی خەڵکەوە گرێدراوە و، بەشی دووەمیش بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنانە لە پرۆژەکاندا کە هەندێک لەو پرۆژانە پرۆژەی ستراتیجین کە لە ئاستی وڵاتدا کاریان لەگەڵ دەکرێت و هەندێکیشیان خۆجێیین کە لە پەرەپێدانی پارێزگاکاندا سوودیان دەبێت.
 
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، نابێت وەزیرێکی وڵاتێکی فیدراڵی قسەی وا بکات، بەڵام مافی ئەوەی هەیە بڵێت، بڕیارێکی دادگەی فیدراڵییان هەیە و بەبێ ئەو بڕیارە ناتوانن پرسی نەوت و گاز لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بە هیچ شێوەیەک چارەسەر بکەن.
 
د. جەمال کۆچەر جەختی لەوەش کردەوە، فرۆشتنی گاز لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستوورییە، چونکە بەپێی ماددەی 112ی دەستوور ئەو دەسەڵاتە دەداتە هەرێمی کوردستان کە بەڕێوەبردنی گاز هاوبەش بێت، مانای وایە کە هەرێمی کوردستانیش مافی تێیدا هەیە.
 
پەرلەمانتارەکە باسی لەوەش کرد، فرۆشتنی نەوت و گاز لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە یاساییشە، چونکە هەرێمی کوردستان کاتی خۆی ریککەوتنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتدا کردووە کە نووری مالیکی بووە. بەپێی رێککەوتنەکەی ئەو سەردەمە ئەگەر تاوەکو 2007 یاسای نەوت و گاز لە عێراق دەرنەچوو، ئەوکاتە هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی نەوت و گاز دەربهێنێت و بیفرۆشێت.
 
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەیشی خستەڕوو، "ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نیین کە یەک دینار نەدەیتە بەغدا و لە هەمان کاتیشدا داوای داهاتی بەسرە و پارێزگاکانی دیکە بکەیت. ئەوە دروست نییە، چونکە هەرێمی کوردستان ئێستا یەک دینار لە داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنوورییەکان و نەوت و گاز رادەستی عێراق ناکات."
 
د. جەمال کۆچەر خۆزگەی ئەوە دەخوازێت کە "جارێک هەرێمی کوردستان پابەندی بڕیارەکان ببووایە و پارەی نەوت و گازی رادەستی بەغدا بکردایە، بۆئەوەی بمانزانیایە کە ئاخۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گرەنتیی دابینکردنی مافی هەرێمی کوردستان هەیە یان نا. تاوەکو ئەم ساتە هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە. چەند جارێک داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە سێ بۆ شەش مانگ پابەند ببێت تاوەکو بزانین کێشەکە لە کام لاوەیە."
 
حکومەتی عێراق بەردی بناخەی هەزار قوتابخانەی نوێ لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی عێراقی - چینی دادەنێت و هەرێمی کوردستانی لێ بێبەش دەکات. وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش ناڕەزایی دژی ئەو بڕیارە دەربڕیوە و دەڵێت، پشکی هەرێمی کوردستان 150 قوتابخانەیە، بەڵام بێبەش کراوە.
 
د. جەمال کۆچەر باسی لەوە کرد، دروستکردنی هەزار قوتابخانە لە عێراق کە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، هەنگاوێکی مەترسیدار بوو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، لە کاتێکدا کە بەڵێنیان دابوو 150 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستانیش دروست بکەن. 
 
رۆژی 12ى حوزەیرانى 2022، سەرجەم ئەندامانى فراکسیۆنى سەدر لە پەرلەمانى عێراق، کە ژمارەیان 73 پەرلەمانتار بوو، بە بڕیاری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دەستیان لەکارکێشایەوە.
 
ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو گوتی، "ئەگەر سەدر بڕیاری وابێت دژایەتیی حکومەتی داهاتوو بکات ئەوا تەمەنی ئەو حکومەتە درێژ نابێت و لە شەش مانگ تاوەکو ساڵێک دەبێت."
 
سەدر لە دوایین قسەیدا بە پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی گوت، "کاری خۆتان بکەن و لەناو خەڵکەکەتاندا بن، ئێوە هەر بەربژێری ئێمەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو." لە هەمان کاتدا گوتیشی، "بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو گەندەڵانەدا لە هەڵبژاردندا بەشدار نابم."
 
د. جەمال کۆچەر دەڵێت، "قسەی دووەمی سەدر زۆر مەترسیدار بوو، کۆکردنەوەی ئەو دوو گوتەیەیش بە مانای ئەوەیە کە هەڵبژاردن دەکرێت و ئەو گەندەڵانە لە گۆڕەپانەکەدا نابن. ئەوەیش مانای وایە یان شەڕێکی نێوخۆییە یان هاوکێشەی نێودەوڵەتی دەگۆڕدرێت یان ئەوەیە سەدر شەقام دەجووڵێنێت و لەگەڵ ئەوانەدا ناچێتە هەڵبژاردنەوە."
 
پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "مەترسییەکەی هادی عامرییش هەر ئەوەیە کە دەڵێت: 'ئێمە بە هیچ شێوەیەک بەبێ سەدر حکومەت پێکناهێنین'، چونکە دەزانێت سەدر تاکە کەسە لە عێراقدا کە دەتوانێت لە کەمتر لە کاژێرێکدا 100 هەزار کەس کۆبکاتەوە. ئەو ژمارەیەیش بە هیچ هێزێک راناگیرێت."
 
دوای ئەوەی رەوتی سەدر کشانەوەی لە پەرلەمان و حکومەت راگەیاند، باس لەوە دەکرێت کە نووری مالیکی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق.
 
لەوبارەیەوە د. جەمال کۆچەر گوتی، "ئەستەمە مالیکی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەگەر ئەو ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، دەبێت دوایین بزمار لە تابووتی عێراق بدرێت، چونکە مالیکی لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە بە سەرپەرشتیاری میلیشیاکان دادەنرێت. هەروەها ڤیتۆی مەرجەعیەتی لەسەرە. سەدر بۆیە نەیتوانی حکومەت پێکبهێنێت، چونکە دوژمنە سەرسەختەکەی مالیکی بوو، بۆیە کاتێک مالیکی بیەوێت ببێتە سەرۆکوەزیران، ئەوا سەدر بەوپەڕی هێزەوە دژایەتیی دەکات. بە بۆچوونی من، تەنانەت چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ماڵی شیعە خۆیشیان قەبووڵی ناکەن کە مالیکی ببێتە سەرۆکوەزیران، چونکە رەوشەکە زۆر دژوار دەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە