لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان: باج لەسەر ئارد لادرا


رووداو - هەولێر

سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بۆ تۆنێک ئارد 20 دۆلار لە بازرگانان وەردەگیرا، بەڵام ئێستا ئەوەش لابرا. بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانیش دەڵێت، گرانترین ئارد ئاردی تورکییە و فەردەی 49 هەزار دینارە.
 
رۆژی یەکشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2022، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای ئەوەی بازرگانان پەیوەندییان پێوەکردین کە بۆ هەر تۆنێک ئارد 20 دۆلاریان وەکو باج لێوەردەگیرا، بەدواداچوونمان کرد و بە نووسراوی وەزیری دارایی بڕیارەکە هەڵوەشایەوە".
 
لە نووسراوێکدا کە رێککەوتی 18ـی حوزەیرانی 2022ـی لەسەرە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "ئاماژە بە تەلەفۆنی وەزیری دارایی و ئابووری، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و هەرزانبوونی نرخی خواردەمەنییە سەرەکییەکان، کارپێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 140 لە 6-4-2022 بەردەوام دەبێت و باج و رەسمی گومرگی لەسەر 14 بابەتەکە رێژەکانیان سفربکرێتەوە؛ بڕیارەکەش لە رۆژی یەکشەممە 19ـی حوزەیرانی 2022 دەچێتە بواری جێبەکردنەوە".
 
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری گوتی، هەفتەی رابردوو لە بۆرسەی جیهانیدا هەر تۆنێک ئارد 20 دۆلاری چووەتەسەر.
 
سەبارەت بە نرخی ئارد لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 19ـی حوزەیران، سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی ئارد لە بازاڕەکانی هەرێمی کورستاندا بەرزنەبووەتەوە و ئەمڕۆ 19ـی حوزەیرانی 2022 نرخ بەمجۆرەیە:
 
- ئاردی سفری تورکی فەردەی 49 هەزار
- ئاردی رووسی فەردەی 44 هەزار
- ئاردی بایعی (بەشەخۆراک) 35 هەزار